بۆ جارێکى دیکە زانکۆى جیهان-هەولێر دهرفهتێكی زێرین بۆ بەدەستهێنانى کورسییەکانى پرۆگرامی ئیراسمۆس پڵەس پێشکەش بە فێرخوازانى دەکات
لە بەردەوامى کارە هاوبەشەکانى و بۆ ئاڵوگۆڕی زانستی و ڕاهێنانی زانکۆی جیهان-هەولێر لەگەڵ دامەزراوە نێودەوڵەتیەکاندا، زانکۆکەمان بۆ جارێکى دیکە دهرفهتێكی زێرینى پرۆگرامی ئیراسمۆس پڵەسی (ERASMUS PLUS) یەکێتی ئەوروپا ڕادەگەێنێت، کە پێشکەشى فێرخوازان و ستافى زانستى زانکۆى جیهان-هەولێرى کردوە.
بۆ ساڵی خوێندنی (2022-2023) زانکۆی جیهان-هەولێر مامۆستایان و دە یەکەمەکانى بەشەکانى کۆلێژەکانى تەکنیکى پزیشکى، زانست و ئەندازیاری ئاگادار دەکات، کە ژمارەیەک کورسی خوێندن بۆ تەواوکردنى کۆرسێکى خوێندن بۆ ماوەی سێ بۆ پێنچ مانگ لە زانكۆی وارسۆ بۆ زانسته زیندووهكان ڕادەگەێنێت، هاوکات دەرفەتێکی ڕاهێنان بۆ ماوەى (٧) ڕۆژ بۆ مامۆستایان و ستافى زانستى لەهەمان زانکۆ لە پۆلاندا ڕادەگەێنێت.
بەڕێوەبەرایەتى پەیوەندییە نێودەوڵەتیەکان لە زانکۆى جیهان-هەولێر داوا لە فێرخوازان و مامۆستایان و ستافى زانستى کۆلێژەکانى تەکنیکى پزیشکى، زانست و ئەندازیاری دەکات سەردانی بەشەکانیان بکەن و داواکاری پێشکەش بکەن بۆ بەدەستهێنانى کورسییەکانی ئیراسموس پڵەس، دواتریش لەسەر بنەمای چەند پێوەرێک، کە لە لایەن ئێراسموس پڵەس و زانكۆی وارسۆ بۆ زانسته زیندووهكان لە پۆڵەندا دانراوە، هەلسەنگاندن بۆ داواکارى پێشکەشکاران دەکرێ و، لە ئایندەیەکى نزیکدا ئەنجامەکان ڕادەگەیەنرێت، واش بڕیارە براوەکان لە سەرەتای مانگی دووەمی ساڵى داهاتوو لە زانكۆی وارسۆ بۆ زانسته زیندووهكان لە پۆلندا دەست بەخول و ڕاهێنان و خوێندنى وانەکانیان بکەن.
زانکۆى جیهان-هەولێر تاکە زانکۆى تایبەت و پێشەنگ لە هەرێمى کوردستان، کە بە تەواوی لە کۆمسیۆنی ئەوروپا تۆمارکراوە و ژمارەی ناسنامەی هەیە و بریتیە لە (PIC) = 907654415، ئەم تۆمارکردنە ڕێگە بە زانکۆى جیهان-هەولێر دەدات بۆ پێشکەشکردن و بەدەستهێنانى ئەو گرانتانە کە وەک لە چوارچێوەى پڕۆژە زانستیەکانى یەکێتی ئەوروپا دەکرێ، لەناویاندا زانکۆکانی وڵاتانی هاوبەش و دامەزراوەکانی خوێندنی باڵا لەوانە زانكۆی وارسۆ بۆ زانسته زیندووهكان لە پۆڵەندا، زانکۆی ئۆندۆکوز (Ondokuz Mayis University) و زانکۆى ماردین (University Mardin) لە تورکیا، ساڵى ڕابردوو چوار فێرخوازى زانکۆى جیهان-هەولێر کە پێکهاتون لە فێرخوازان ڕەند شاکر مەحمود و، مهند قەیس عەبدوڵلا لە بەشى (ئەندازیارى تەلارسازى) و فێرخوازان بشرى جمال عەبدوڵلا و ئەحمەد لوقمان کەریم لە بەشى (بایۆمیدێکاڵ) لە چوارچێوەى هەمان پرۆگرام کۆرسێکى خوێندنیان لەو وڵاتە تەواو کرد، هەروەک پڕۆفیسۆرى یاریدەر دکتۆر ئامینە سەباح بەهەمان پرۆگرام بەشدارى لە خولێکى ڕاهێنان لەو وڵاتەدا کرد.