نەخۆشخانەى جیهانى فێرکارى وەک گەورەترین نەخۆشخانەى نموونەى و تایبەت لەلایەن زانکۆى جیهان-هەولێر دەکرێتەوە
زانکۆى جیهان-هەولێر وەک زانکۆیەکی پێشەنگ و تایبەت لە ئاستی هەرێمى کوردستان و عێراق، بە پێشکەشکردنی زانیاری داهێنەرانە، توێژینەوە و خزمەتگوزاری تەندروستى و پزیشکى دەمانەوێ هەمیشە بەپێشەنگى بمێنێتەوە، لە سەر ئاستى ناوچەکە و جیهانیدا لە ڕیزبەندى باشترین زانکۆکان بێت، بۆ ئەو مەبەستەش لە ئایندەیەکى نزیکدا نەخۆشخانەى جیهانى فێرکارى بەکواڵیتیەکى بەرزى جیهانى دەکاتەوە.
نەخۆشخانەى جیهانى فێرکارى لە چوارچێوەى کەمپسى زانکۆى جیهان-هەولێر لەسەر ڕووبەرى (44000,350) مەتر دووجا دروست دەکرێ، لەم نەخۆشخانەیەدا، کە دەبێتە ژێرخانێکى گرنگ بۆ بەشە پزیشکى و تەندروستى و زانستیەکان، لە داهاتوودا فێرخوازان بەشى هەر زۆرى وانە تیۆرى و پراکتیکیەکانیان لە قۆناخە جیاوازەکانى خوێندن لە بەشەکانى پزیشکى و تەندروستى زانکۆى جیهان-هەولێر تێدا دەخوێنن و لە چوارچێوەى ژینگەى داهاتوى کارکردنیاندا ڕاهێنان بەفێرخوازان دەکرێ و پەرە بەتوانا و لێهاتویە زانستیەکانیان دەدرێ.
نەخۆشخانەى جیهانى فێرکارى بەبەرزترین کواڵیتى پزیشکى و نوێترین تاقیگە و ئامێر و کەلوپەلى زانستى و باشترین پسپۆڕ و شارەزایانى پزیشکى بونیاد دەنرێ، تا ئێستا (% 30) پڕۆژەکە جێبەجێکراوە، ئەم نەخۆشخانەیە گەورەترین داتا بەیسى تایبەت بەنەخۆشیەکان لە ڕێگەى بەئەلیکترۆنیکردن بەشە جیاکان دادەمەزرێنین، ئەوەش هاوکاریەکى گرنگى فێرخوازانى بەشە پزیشکیەکان و توێژەران و مامۆستایان دەبێ بۆ وەرگرتنى سامپڵ و چۆنیەتى دەستنیشانکردنى نەخۆشیەکان و چارەسەرکردنیان بەشێوەیەکى پراکتیکى و زانستى، لە کۆتایشدا دەبێتە مەڵبەندێکى گەورەى تەندروستى و بەشێک لە سیستمى تەندروستى هەرێمى کوردستان بۆ چارەسەرکردنى نەخۆشەکان.
ئامانجە سەرەکیەکانی نەخۆشخانەى جیهانى فێرکارى:
نەخۆشخانەى جیهانى فێرکارى لە شارى هەولێر هەوڵى تەواو دەدات بۆ بەدیهێنانى چەند ئامانجێکى سەرەکی و پێشکەشکردنى خزمەتگوزارى لەم بوارانەى خوارەوە:
- خوێندن و ڕاهێنان: دابینکردنی ژینگەیەکى تەندروست و لەبار بۆ خوێندن و ڕاهێنانی فێرخوازانى بەشە پزیشکی و تەندروستیەکان لە کۆلێژە پزیشکی و زانستە پزیشکییەکانى زانکۆى جیهان-هەولێر.کردنەوەى خول و ڕاهێنان و وۆرکشۆپ و کۆڕ و کۆنفرانسى زانستى لەسەر ئاستى ناوخۆ و نێودەوڵەتى لە بوارى پزیشکی و تەندروستى بەشێوەیەکى بەردەوام بۆ ئەندامانی ستافى زانستى لە کۆلێژە پزیشکی و زانستە پزیشکییەکانى زانکۆى جیهان-هەولێر و، هاوپیشەکانیان لە زانکۆ و دامەزراوە تەندروستیە هاوبەشەکانى زانکۆکەمان لەسەر ئاستى ناوخۆ و نێودەوڵەتیدا.
- توێژینەوە و پەرەپێدان: نەخۆشخانەى جیهانى فێرکارى دەبێتە ناوەندێکى گرنگ بۆ توێژینەوەی کلینیکی بۆ توێژەران و فێرخوازان لە قۆناغە جیاکانى خوێندن و هاندانى پزیشکان بۆ ئەنجامدانی توێژینەوەى زانستى و پەرەپێدان بەلایەنى مەعریفى پزیشکى و بەرزکردنەوەى ئاستى هۆشیارى کۆمەڵگە لە بوارى پزیشکى و هۆشیارى تەندروستى.
- خزمەتگوزاری و چارەسەری گشتى: لە نەخۆشخانەى جیهانى فێرکاریدا، هاوشان لەگەڵ گرنگیدان بەلایەنى خوێندن و ڕاهێنان و توێژینەوەى زانستى، دەبێتە ناوەندێکى گرنگى تەندروستى لەهەرێمى کوردستان و، وەک بەشێک لە سیستمى تەندروسى لە وڵاتەکەماندا بەدابینکردنى ستافێکى زانستى پڕۆفێشناڵى ئاست بەرز و، بەنوێترین ئامێرى پزیشکى و تاقیگەى زانستى خزمەتگوزارى پزیشکی لە ئاستێکی باڵادا لە پسپۆڕییە جیاوازەکان پێشکەش بەچین و توێژە جیاکانى کۆمەڵگە دەکات. هاوکات هەوڵ و کۆششى بەردەوامى دەبێ بۆ پراکتیزەکردن و بڵاوکردنەوەى هزرى خۆپارێزی و یارمەتیدەر بۆ کۆمەڵگە لە ڕێگەی چاودێری تەندروستی سەرەتاییەوە.
لە ڕێگەى کلیککردن (لێـــــرە) ئاشناى هەنگاوەکان و شێواز و چۆنیەتى کارکردن لە نەخۆشخانەى جیهانى فێرکارى دەبن