
بەشی نیوتریشن و دایەتێتیکس خولێکی ڕاهێنانی زانستی تایبەتمەندى دەربارەی تەمەندرێژی و، پیربوونی تەندروست بەڕێوەبرد
- Posted by University Press
- Date تشرینی دووەم 23, 2026
ڕۆژی یەکشەممە ڕێککەوتی 22ی تشرینی دووەمی 2026، بەشی نیوتریشن و دایەتێتیکس لە زانکۆی جیهان-هەولێر، بە هاوکاریی دامەزراوەی (Health Gevity Nation)، خولێکی ڕاهێنانی زانستیی تایبەتمەندی بە ناونیشانی «( Health Gevity Masterclass)» لە هۆڵی () لە زانکۆی جیهان-هەولێر ڕێک خست.
ئەم خولە بۆ یەکەمجار لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و، عێراق بە سەرپەرشتی و، پێشکەشکردنی دکتۆر دانا مەردۆخ دامەزرێنەری دامەزراوەی (Health Gevity Nation) و، پسپۆڕ لە زانستی تەمەندرێژیدا بەڕێوە چوو و، تێیدا فێرخوازان، دەرچووان، پسپۆڕانی چاودێریی تەندروستی و، ئارەزوومەندانی شێوازە زانستییەکانی بەرزکردنەوەی پیربوونی تەندروست و، باشترکردنی کوالێتیی ژیان ئامادەیبون.
نوێترین پێشکەوتنەکانی زانستی تەمەندرێژی
خولە ڕاهێنانەکە تیشکی خستە سەر نوێترین پێشکەوتنەکانی زانستی تەمەندرێژی، لەگەڵ جەختکردنەوە لەسەر گرنگیی چاودێریی تەندروستیی خۆپارێزی، هەڵسەنگاندنی تەندروستیی پێشوەختە و، دەستوەردانەکانی پەیوەست بە شێوازی ژیان کە پشت بە بەڵگە زانستییەکان دەبەستن، لە پاڵپشتیکردنی تەندروستیی جەستەیی و، زیندەچالاکییەکان لەسەر ئاستی درێژخایەن. هەروەها خولەکە شیکردنەوەی زانستیی لەگەڵ شێوازە کردارییەکان کۆکردبووەوە بۆ تێگەیشتن لە پیربوونی بایۆلۆژی و، ئەو هۆکارانەی کاریگەرییان لەسەر تەندروستیی گشتی و، تەمەندرێژی هەیە.
شێوازە پێشکەوتووەکانی دەستنیشانکردن و، دوانزدە کۆڵەکەکەی سیستمی (Health Gevity)
لە بەشی یەکەمی خولەکەدا، دکتۆر دانا مەردۆخ شێوازە پێشکەوتووەکانی دەستنیشانکردنی بەکارهێنراو لە پزیشکیی تەمەندرێژیدا خستە ڕوو، لەوانە هەڵسەنگاندنی تەمەنی بایۆلۆژی، تاقیکردنەوەی بەرزترین ئاستی بەکارهێنانی ئۆکسجین، شیکارییە گشتگیرەکانی خوێن، پشکنینە بۆماوەیییەکان و، هەڵسەنگاندنی میکرۆبەکانی ڕیخۆڵە.
دانیشتنەکە تیشکی خستە سەر چۆنیەتی بەشداریی ئەم پشکنینانە لە دابینکردنی زانیاری دەربارەی فرمانە فسیۆلۆژییەکان، تەندروستیی زیندەچالاکییەکان و، هۆکارەکانی مەترسیی تاکەکەسی، کە یارمەتیدەرە لە پەرەپێدانی شێوازی تایبەتمەندتر لە چاودێریی تەندروستیی خۆپارێزی و، چاودێریکردنی باری تەندروستیدا.
هەروەها ڕاهێنانەکە باسی لە دوانزدە کۆڵەکە سەرەکییەکەی سیستمی (Health Gevity) کرد، بە جەختکردنەوە لەسەر هۆکارە بنەڕەتییەکانی شێوازی ژیان، وەک کوالێتیی خەو، چالاکیی جەستەیی بەردەوام، خۆراکی هاوسەنگ، تەندروستیی دەروونی و، هاوسەنگیی هۆرمۆنەکان. گرنگییەکی تایبەتیش درا بە پاراستنی خووە ڕۆژانە تەندروستەکان و، تێگەیشتن لە چۆنیەتیی کاریگەریی بژاردەکانی پەیوەست بە شێوازی ژیان لەسەر پیربوونی بایۆلۆژی و، ئەنجامە تەندروستییە درێژخایەنەکان، لەگەڵ جەختکردنەوە لەسەر ڕۆڵی خۆراک و، هۆکارەکانی تری شێوازی ژیان لە پاڵپشتیکردنی پیربوونی تەندروست و، کەمکردنەوەی مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشییە درێژخایەنەکان.
تەکنەلۆژیا سەردەمییەکانی چاکبوونەوەی جەستەیی و، نوێترین دۆزینەوە زانستییەکان
تەوەرێکی تری گرنگی خولەکە تەرخان کرابوو بۆ تەکنیکە نوێیەکانی بەکارهێنراو لە بوارەکانی تەمەندرێژی و، چاکبوونەوەی جەستەییدا، کە تێیدا دکتۆر دانا مەردۆخ ڕوونکردنەوەی دەربارەی چەندین شێواز پێشکەش کرد، لەوانە چارەسەر بە ساردکردن، چارەسەر بە تیشکی سوور، تەکنیکی بوارە کارۆموگناتیسییە ترپەدارەکان و، چارەسەر بە ئۆکسجینی پەستان بەرز، سەرەڕای تەکنیکەکانی تری پەیوەست بە چاکبوونەوە، لەگەڵ خستنەڕووی بەکارهێنانە پێشنیارکراوەکانی ئەم تەکنیکانە لە باشترکردنی تەندروستی و، چاکبوونەوەی جەستەییدا.
کۆتایی خولى ڕاهێنانەکە
خولەکە دەرفەتێکی فێربوونی ناوازەی بۆ بەشداربووان لە پسپۆڕییە ئەکادیمی و، پیشەیییە جیاوازەکانەوە ڕەخساند، بەتایبەت فێرخوازان و، کارمەندانی بوارەکانی خۆراک، پزیشکی، دەرمانسازی، پەرستاری، چارەسەری سروشتی، زانستەکانی تاقیگەی پزیشکی و، پسپۆڕییە تەندروستییە پەیوەندیدارەکان، و، گرنگیی هاوکاریی فرەپسپۆڕی و، فێربوونی پیشەییی بەردەوامی بۆ هاوشانبوون لەگەڵ پێشکەوتنەکانی چاودێریی تەندروستیی خۆپارێزی و، زانستی تەمەندرێژی خستە ڕوو.
لە کۆتایی خولە ڕاهێنانەکەدا، بڕوانامەی دوولایەنەی دەرچوو لەلایەن زانکۆی جیهان-هەولێر و، دامەزراوەی (Health Gevity Nation) بەخشرایە بەشداربووان، وەک پێزانینێک بۆ بەشداریکردنیان لەم خولە ڕاهێنانە تایبەتمەندەدا.



