
فێرخوازانی بەشی بایۆمیدیکاڵ پشکنینی تەندروستی بێبەرامبەر بۆ سەردانیکەرانی پارکی سامی عەبدولڕەحمان ئەنجام دەدەن
- Posted by University Press
- Date تشرینی دووەم 24, 2026
ڕۆژی دووشەممە ڕێککەوتی 23ی تشرینی دووەمی 2026، گروپێک لە بەشی بایۆمیدیکاڵ لە زانکۆی جیهان-هەولێر، چالاکییەکی تەندروستیی کۆمەڵایەتیی لە پارکی سامی عەبدولڕەحمان لە شاری هەولێر بەڕێوەدەبەن، ئەم چالاکییە بە سەرپەرشتیی مامۆستای یاریدەدەر هێرۆ ئیسماعیل محەممەد بەڕێوە چوو.
پێشکەشکردنی پشکنینە پزیشکییەکان
لە میانەی چالاکییەکەدا، فێرخوازانی قۆناغەکانی یەکەم، دووەم و، چوارەمی بەشەکە خزمەتگوزاریی پشکنینی تەندروستیی بێبەرامبەریان پێشکەش بە سەردانیکەرانی پارکەکە کرد، کە بریتی بوون لە پێوانی پەستانی خوێن، ڕێژەی شەکرە، دیاریکردنی گرووپی خوێن، هەڵسەنگاندنی پێوەری بارستەی جەستە، پێوانی پلەی گەرمیی لەش، سەرەڕای پێوانی ڕێژەی تێربوونی ئۆکسجین لە خوێندا. پاشان فێرخوازان ئەنجامی پشکنینەکانیان شیکردەوە و، لێکدانەوەی زانستییان بۆ کردن، بە مەبەستی ڕوونکردنەوەی ئاماژە تەندروستییەکان بۆ سەردانیکەران،
ڕێنماییی خۆپارێزی بۆ هاووڵاتیان
هاوکات، هەر لە چوارچێوەى چالاکیەکەدا فێرخوازان ڕێنمایی و، ئامۆژگاریی تەندروستیی گونجاویان پێشکەشکردن؛ ئەمەش بە ئامانجی بەرزکردنەوەی هۆشیاری دەربارەی چاودێریی تەندروستیی خۆپارێزی و، هاندانی هاووڵاتیان بۆ دەستنیشانکردنی پێشوەختەی کێشە تەندروستییە ئەگەرییەکان.
بڵاوکردنەوەی بڵاوکراوەی هۆشیاری
هەر لە چوارچێوەی ئەم دەستپێشخەرییەدا، فێرخوازان کۆمەڵێک بڵاوکراوەی هۆشیاری و، ناساندنی تایبەت بە بەشی بایۆمیدیکاڵیان بەسەر سەردانیکەراندا دابەش کرد، کە تێیدا تیشک خرابووە سەر چالاکییە ئەکادیمییەکانی بەشەکە و، ڕۆڵی کارای لە خزمەتکردنی کۆمەڵگە و، بەرەوپێشبردنی تەندروستیی گشتیدا.



