بەڕێوەبەرایەتى گشتى تەندروستى سوپاس و پێزانین ئاراستەى سەرۆکایەتى زانکۆى جیهان-هەولێر دەکات
لە بەرامبەر هاوکارى و هەماهەنگیەکانى، کە پێشکەشى سێکتەرى تەندروستى کردوە، بەڕێوەبەرایەتى گشتى تەندروستى هەولێر سوپاس و پێزانین ئاراستەى سەرۆکایەتى زانکۆى جیهان-هەولێر دەکات.
ئەمڕۆ پێنچ شەممە ڕێکەوتى (١١/٨/٢٠٢٢) پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر پێشوازى لە دکتۆر صانع ابابكر ئەرگووشی بەڕێوەبەری بانکی خوێن لە هەولێر کرد، لە دیدارێکدا گفتوگۆ لەبارەى گرنگى هەماهەنگى و هاوکارى نێوان کەرتى گشتى و تایبەت لە بوارى تەندروستى کرد، بۆ ئەوەش بەڕێوەبەرى بانکى خوێن ستایشى هەوڵ و کارەکانى سەرۆکایەتى زانکۆى جیهان-هەولێرى کرد بەتایبەت لە بوارى تەندروستى و پێشکەشکردنى هاوکارى بۆ بەڕێوەبەرایەتى بانکى خوێن چ لە بوارى لۆجیستى چ لە ڕووى هەڵمەتەکانى بەشداریکردن لە خوێن بەخشین.
پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ ڕایگەیاند: زانکۆکەمان بەگرنگیەکى تایبەتەوە لە سێکتەرى تەندروستى دەڕوانێ، بۆیە لە ماوەى ڕابردودا بەتایبەت لەسەردەمى بڵاوبونەوەى پەتاى کۆرۆنا بەچەندین شێوازى جیا هاوکارى پێشکەش بەسێکتەرى تەندروستى لەسەرتاسەرى کوردستان بەگشتى و پارێزگاى هەولێر بەتایبەت کردوە، وتیشى ئەو هاوکاریانەش وەک ئەرکێکى نیشتیمانى لێى دەڕوانین، لە داهاتوشدا ئەوەى پێمان بکرێ بۆ کەرتى تەندروستى درێخى ناکەین، هەربۆیە ئێستاش لە ڕێگەى کردنەوەى نەخۆشخانەیەکى فێرکارى (265) قەرەوێڵەیی لەگەڵ بەشە تەندروستى و پزیشکیەکانى زانکۆکانمان ببینە بەشێک لە کەرتى تەندروستى و خزمەتکردن بەکۆمەڵگە.
لە کۆتایی دیدارەکەداو، لە بەرامبەر ئەو خزمەتانەى پێشکەش بەبوارى تەندروستى لەشارى هەولێر بەگشتى و بەرێوەبەرایەتى بانکى خۆینیان کردوە بەتایبەت لە دروستکردنى چەند ژورێک لە بەڕێوەبەرایەتى بانکى خوێن، دکتۆر صانع ابابكر ئەرگووشی بەڕێوەبەری بانکی خوێن لە هەولێر سوپاس و پێزانینى دکتۆر دلۆڤان محمەد بەڕێوەبەرى گشتى تەندروستى هەولێرى پێشکەش بە پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر کرد.