خولى ڕێگەکانى وانەوتنەوە بۆ مامۆستایانى وەزارەتى پەروەردە لە زانکۆى جیهان-هەولێر دەستپێکرد
لەبەر ڕۆشنایی ڕێککەوتنامەى لێککەیشتنى نێوان زانکۆى جیهان-هەولێر و، وەزارەتى پەروەردەى حکومەتى هەرێمى کوردستان، خولى ڕێگەکانى وانەوتنەوە (پێداگۆجى) بۆ (١٥٠) مامۆستا لە وەزارەتى پەروەردەى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە زانکۆى جیهان-هەولێر دەستپێکرد.
لە مەراسیمی کردنەوەى خولەکەدا، کە ئەمڕۆ یەکشەممە ڕێکەوتى (١٤/٨/٢٠٢٢) لە هۆڵى (VIP)ى زانکۆى جیهان-هەولێر، بەئامادەبوونى پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر و، مامۆستا بورهان ئەرگوشى ڕاوێژکارى وەزارەتى پەروەردە بەڕێوەچوو، چەند وتەیەک پێشکەشکرا.
لەو چوارچێوەیەدا، پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ دواى بەخێرهێنانى میوانان، وتى: زانکۆى جیهان-هەولێر خۆى بەخۆشحاڵ و شەرفەمەند دەزانێ، کە ئەمڕۆ بەشدارى لە پڕۆسەیەکى نیشتیمانى گرنگ دەکات و، خولى پێداگۆجى بۆ مامۆستایانى پەروەردە دەکاتەوە، کە توێژێکى کاراى کۆمەڵگەکەمانن.
لە بەشێکى دیکەى وتەکەیدا، سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر کورتەیەکى لەبارەى مێژوى دامەزراندن و پێکهاتە و چۆنیەتى گەشەسەندنى زانکۆى جیهان-هەولێر لە ڕووى چەندایەتى و چۆنایەتى پێشکەشى مامۆستایان کرد، وتیشى پەروەردە و خوێندنى باڵا پەیوەندییەکى پتەوەیان لە نێواندا هەیە، بەڵکو تەواوکەرى یەکترن، بۆیە ئەگەر پەروەردە بەرهەمى باش بوو، ئێمەش لە زانکۆکان دەتوانین لەسەر ڕێچکەیەکى ڕاست پەرە بەتواناکان بدەین، بەپێچەوانەوە ئێمە هیچمان پێ ناکرێ، فێرخواز دوانزە ساڵى تەمەنى لە پەروەردە بەڕێ دەکات، کەواتە پەروەردە بناغەى پێگەیاندنى تواناکانى مرۆڤە، زانکۆش لە ماوەى چوار ساڵدا تەواوکەرى ئەو ڕێچکەیەیە، بەڵام پەرە بەتوانا و لێهاتویەکان دەدات، بۆیە هەر وڵاتێک بخوازێ پێبکەوێ بایەخ بە پەروەردە دەدات.
سەبارەت بەڕۆڵى مامۆستایان لە وەزارەتى پەروەردە، پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ ڕایگەیاند: ئێوە ڕۆڵ و کاریگەرییەکى زۆرتان لە پڕۆسەى پەروەردەدا هەیە، بەڵام دەبێ ئەوەش بزانین بڕوانامە کۆتایی پڕۆسەى فێربوون نیە، بەڵکو فێربوونى بەردەوام یەکێکە لەو پڕۆسانەى لە ناوەندە ئەکادیمى و پەروەردەییەکانى جیهان بایەخ و گرنگى زۆرى پێ دەدەن، لەو سۆنگەیەوە ئێمە وەک چۆن لە ڕابردوو چەند پڕۆگرامێکى هاوبەشمان ئەنجامدا، ئەمجارەش بەم پڕۆگرامە کە وەزارەتى پەروەردە ڕەزامەندى لەسەردا دەمانەوێ ئەرکێکى نیشتیمانى جێبەجێ بکەین، بۆیە ئەم خولە وەک دەرفەتێک ببینن بۆ پەرەپێدان بەتوانا مەعریفى و زانستیەکانتان.
سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر بەشێکى دیکەى وتەکەى تەرخانکرد بۆ ئەو هەماهەنگى و کاروچالاکیانەى لە ماوەى ڕابردودا پێشکەشى وەزارەتەکانى دیکەیان کردوە، بەتایبەت وەزارەتى پێشمەرگە، ئەوقاف و کاروبارى ئاینى، تەندروستى، لەسەر ئاستى عێراقیش لەگەڵ وەزارەتەکانى (پلاندانان، بازرگانى، دەستەى دەستپاکى) و پارێزەرەکان خولى جۆراوجۆرمان کردۆتەوە.
لە بەشێکى دیکەى مەراسیمەکەدا، مامۆستا بورهان ئەرگوشى ڕاوێژکارى وەزارەتى پەروەردە بە نوێنەرایەتى دکتۆر ئالان حەمەسەعید وەزیرى پەروەردە وتەیەکى پێشکەشکرد، لە وتارەکەیدا دواى ئەوەى بەناوەى وەزارەتەکەیەوە سوپاسى سەرۆکایەتى زانکۆى جیهان-هەولێرى کرد بۆ ڕەخساندنى ئەو دەرفەتە، ئینجا بەگرنگیەوە باسى لە گرنگى بوارى پەروەردە و ڕۆڵى مامۆستایان لە پێگەیاندن و پەروەردەکردنى نەوەکانى دواڕۆژ کرد، هەروەک جەختى لە گرنگى خول و پەرەپێدانى تواناى مامۆستایان کردەوە بۆ بەرەوپێشبردنى ڕەوتى زانست لە ناوەندەکانى خوێندن و، پێگەیاندنى فێرخوازان بە زانست و نوێگەرییەکانى سەردەم.
لە بەشێکى دیکەى قسەکانیدا، نوێنەرى وەزیرى پەروەردەى حکومەتى هەرێمى کوردستان ستایشى کار و هەماهەنگى و هاوکارییە بەردەوامەکانى دکتۆر نەوزاد یەحیا باجگر و، پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ و، سەرۆکایەتى زانکۆى جیهان-هەولێرى کرد لە پاڵپشتیکردن لە پڕۆسەى پەروەردە و پێگەیاندنى مامۆستاى کارامە بۆ ناوەندەکانى خوێندن.
پاشان، بەرنامەى کارى خولەکە دەستپێکرد، کە وا بڕیارە لە ماوەى (٦) هەفتەدا لەلایەن ستافێکى زانستى و لێهاتویی زانکۆى جیهان-هەولێر بەشێوەیەکى پراکتیکى ڕاهێنان بەو ژمارەیە لە مامۆستایانى وەزارەتى پەروەردە بکرێ.