
زانکۆى جیهان و سەندیکاى ئەندازیاران ڕێکەوتنامەیەک ئیمزا دەکەن
بۆ سوودوەرگرتن لە ئەزمونى سەندیکاى ئەندازیارانى کوردستان و، ڕەخساندنى دەرفەتى کار بۆ فێرخوازان، لە ئایندەیەکى نزیکدا زانکۆى جیهان-هەولێر و، سەندیکاى ئەندازیارانى کوردستان ڕێکەوتنامەیەک ئیمزا دەکەن.
ڕۆژى دووشەممە، ڕێکەوتى (١٥/٢/٢٠٢١) پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان لەگەڵ (صەڵاحەددین فەخرەددین) سەرۆکى وەفدێکى سەندیکاى ئەندازیارانى کوردستان کۆبوەوە، لە کۆبونەوەکەدا، کە لە سەرۆکایەتى زانکۆى جیهان بەئامادەبوونى یاریدەدەرانى سەرۆکى زانکۆ و، هەریەک لە (ئاوات عەلى ساڵح و فلیپ پترۆس ڕەشۆ) ئەندامانى ئەنجومەنى سەندیکاى ئەندازیارانى کوردستان بەڕێوەچوو، گفتوگۆ لەبارەى چۆنیەتى پەرەپێدانى پەیوەندییەکانى نێوانیان کرا.
لەو چوارچێوەیەدا و، لەسەرەتاى کۆبونەوەکەدا سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر، دواى بەخێرهێنانى وەفدى میوان بەگرنگیەوە باسى لە ڕۆڵى ئەندازیاران لە بونیادنانەوەى ژێرخانى وڵات و ئاوەدانکردنەوەى بوارە جیاوازەکان کرد، ڕونیشیکردەوە لە زانکۆى جیهان سێ بەشى ئەندازیارى هەیە کە بریتین لە (ئەندازیارى تەلارسازى، ئەندازیارى شارستانى و، ئەندازیارى گەیاندن و کۆمپیوتەر)، بۆیە ئەخوازین سوود لە توانا و ئەزمون و شارزاییە پراکتیکیەکانى سەندیکاى ئەندازیاران وەربگرین بۆ پەرەپێدانى تواناى زانستى و ئەکادیمى و مەیدانى فێرخوازانى بەشەکانى ئەندازیارى لە زانکۆکەمان.
لە بەشێکى دیکەى کۆبونەوەکەدا، (صلاح الدین فخرالدین محى الدین) سەرۆکى وەفدى ئەنجومەنى سەندیکاى ئەندازیارى کوردستان دواى سوپاس و پێشوازیکردنە گەرمەى لێیان کرا، کورتەیەکى لەسەر پێکهاتە و کاروچالاکی سەندیکاکەیانى خستەڕوو، هەروەک بەگرنگیەوە باسى لە بەشەکانى ئەندازیارى زانکۆى جیهان کرد و، دوپاتیکردەوە ئەوەى بەسەندیکا بکرێ بۆ هەماهەنگى و هاوکارى فێرخوازان درێخى ناکەیەن.
لە بەشێکى کۆتایى کۆبونەوەکەدا، هەردوولا ڕێکەوتن لە ئایندەیەکى نزیکدا رێکەوتنامەیەک ئیمزا بکەن بۆ دیاریکردنى نەخشەڕێى هەماهەنگى و هاوکارى نێوانیان بەتایبەت لە چۆنیەتى بەستنەوەى پرۆگرامەکانى خوێندن بەبازارى کار و ڕەخساندنى دەرفەتى کار بۆ فێرخوازانى بەشەکانى ئەندازیاران.