بەشەکانى ئەندازیارى تەلارسازى و دیزاینى ناوخۆیی لە پیشانگەیەک پڕۆژەى فێرخوازەکانیان نمایشکرد
بۆ خستنەڕووى توانا و بەهرە و لێهاتووى فێرخوازەکانیان، بەشەکانى (ئەندازیارى تەلارسازى و دیزاینى ناوخۆیی) لە زانکۆى جیهان هەولێر پێشانگەیەکیان بۆ فێرخوازەکانیان ڕێکخست.
لەو پێشانگە هاوبەشەدا، کە ڕۆژى دووشەممە، ڕێکەوتى (١٥/٢/٢٠٢١) لەلایەن (پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ) سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر کرایەوە، وەفدێکى سەندیکاى ئەندازیارانى کوردستان، کە پێکهاتبوون لە (صەڵاحەددین فەخرەددین، ئاوات عەلى ساڵح و فلیپ پترۆس ڕەشۆ) بەشدارییان لە کردنەوەى پیشانگەیەکەدا کرد.
لەو پیشانگەیەدا، کە فێرخوازانى هەر چوار قۆناغى بەشەکانى (ئەندازیارى تەلارسازى) و، (دیزاینى ناوخۆیی) پڕۆژەکانیان نمایش کردبوو، لەلایەن سەرۆکى زانکۆى جیهان و، وەفدى سەندیکاى ئەندازیارانى کوردستان بەشە جیاکانى پیشانگەکە بەسەر کرانەوە.
لە میانەى بەسەرکردنەوەى پیشانگەکەدا، کە مامۆستایان و فێرخوازانى بەشەکانى (ئەندازیارى تەلارسازى و دیزاینى ناوخۆیی) و، مامۆستایان و فێرخوازانى زانکۆى جیهان ئامادەیبوون، فێرخوازان ڕوونکردنەوەى پێویستیان سەبارەت بەپڕۆژەکان و هزرە سەرەکیەکانى پڕۆژەکانیان بۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان و، نەقیبى سەندیکاى ئەندازیاران و میوانان خستەڕوو.
سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر دەستخۆشى لە یەکە یەکەى فێرخوازان و مامۆستایانى سەرپەرشتیار کرد و، ڕایگەیاند: کردنەوەى ئەم پیشانگەیانە دەرفەتێکى گرنگە بۆ خستنەڕوو و پیشاندانى توانا و لێهاتووى فێرخوازن، هەروەک هانیان دەدات بۆ گەڵاڵەکردن و جێبەجێکردنى پڕۆژەى نوێ و سەردەمیانە بەتایبەت دواى تەواوکردنى قۆناغەکانى خوێندن، لەهەمانکاتدا وەفدى سەندیکاى ئەندازیارانى کوردستانیش، هیواى سەرکەوتنیان بۆ فێرخوازان خواست.