فێرخوازانى ئەندازیارى دیزاینی ناوخۆیی بەگەشتێکى زانستى سەردانى قەڵاى هەولێر دەکەن
بەمەبەستى ئاشناکردنى فێرخوازان بەچۆنیەتى نۆژەنکردنەوەى دیزاینى شوێنەوارە مێژوییەکان، سەرۆکایەتى بەشى ئەندازیارى دیزاینی ناوخۆیی لە زانکۆى جیهان-هەولێر گەشتێکى بۆ فێرخوازانى بەشەکەى ڕێکخست.
ڕۆژى پێنچ شەممە ڕێکەوتى (١٢/١٠/٢٠٢٣) گروپێک لە فێرخوازانى قۆناغى چوارەم لە بەشى ئەندازیارى دیزاینی ناوخۆیی بەسەرپەرشتى مامۆستاى یاریدەدەر ئەوس ئەحمەد، لە چوارچێوەی بابەتی (نۆژەنکردنەوەی باڵەخانە مێژووییەکان) بەگەشتێکى زانستى ژمارەیەک لە باڵەخانەکانى قەڵاى مێژویی هەولێریان بەسەرکردەوە.
لە میانەى بەسەرکردنەوەى باڵەخانەکاندا؛ مامۆستاى سەرپەرشتیار بەهاوکارى ئەندازیارى ئەحمەد محەمەد سەرپەرشتیارى قەڵاى هەولێر ڕونکردنەوەى پێویستیان لە بارەى هەنگاوەکان و چۆنیەتى نۆژەنکردنەوەى باڵەخانەکان بۆ فێرخوازان باسکرد، جەختیشیان لەسەر ئەوە کردەوە لە نۆژەنکردنەوەى باڵەخانەکاندا ڕەچاوى دیزاینى شوێنەوارى و کەرەستە بەکارهاتووەکان و هێڵکارییە بەکارهاتوە ناوخۆییەکان دەکرێ، هەر بۆ تێگەیشتنى زیاتر لەبارەى دیزاینى ناوخۆیی باڵەخانەکان فێرخوازان ڕوپێویەکى گشتیان ئەنجامدا بەمەبەستی تێگەیشتنى زیاتر لە لایەنە جیاوازەکانی پرۆسەی دیزاین و ناسینی فەزا و سروشتی شوێنەکان و دیزاینی ناوخۆیی پڕۆژەکان.
گەشتە زانستیەکە بووە مایەى خۆشحاڵى فێرخوازان و لە نزیکەوە ئاشنابوون بە چۆنیەتى نۆژەنکردنەوەى شوێنەوارە مێژوییەکان بەڕەچاوکردنى لایەنى دیزاینى ناوخۆیی و هێڵکارییە مێژوییەکان.