فێرخوازانى بەشی زمانی ئینگلیزی باس کاریگەری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەسەر هەرزەکاران لە ئامادەیی سەنەوبەرى کچان دەکەن
ڕۆژی سێشەممە، ڕێکەوتى (٢١/١٠/٢٠٢٥) فێرخوازانى قۆناغی چوارەمی بەشی زمانی ئینگلیزی لە زانکۆی جیهان-هەولێر، سیمیناریان بە ناونیشانی (کاریگەریی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەسەر بەرهەمهێنان و بەڕێوەبردنی کاتی هەرزەکاران) لە ئامادەیی سەنەوبەرى کچان پێشکەش بە قوتابیانى قوتابخانەکە کرد.
لەو چالاکیەدا، کە بە سەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر مەروە مەحموود ئەمین بەڕێوەچوو، سەرەتا لەلایەن مامۆستا نەزال حاجی مستەفا بەڕێوەبەری قوتابخانەکە و ، مامۆستا شیلان نەصیر، مامۆستای سەرپەرشتیار بە گەرمی پێشوازییان لێکرا. پاشان لە هۆڵى قوتابخانەکەدا، فێرخوازانى بەشى زمانى ئینگلیزى باسیان لە دیاردەی ئالوودەبوون بە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە نێو هەرزەکاراندا کرد، بۆ ئەوەش جەختیان لەوە کردەوە بەکارهێنانی زیاد لە پێویستی پلاتفۆرمەکانی وەک ئینستاگرام، تیکتۆک و فەیسبووک کاریگەریی نەرێنی لەسەر کارى ڕۆژانە، ئاستی خوێندن و، لایەنى تەندروستی دەروونی لاوان دەبێت.
لە بەشێکى دیکەى سمینارەکەیاندا هەروەها ئاماژەیان بە دیارترین هۆکارەکانی ئاڵوودەبوون بە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کرد، لەوانە فشاری هاوڕێیان، ئارەزووی بەدەستهێنانی قبووڵکردنی کۆمەڵایەتی، هەستکردن بە بێزاری و ئاسانی دەستڕاگەیشتن بە ناوەڕۆکی سەرنجڕاکێش.
لە وێستگەیەکى دیکەى سەردانەکەیاندا، مامۆستاى سەرپەرشتیار و فێرخوازان لەلایەن لە چوارچێوەی مامۆستا شیلان نەصیر هاوڕێتیى کران بۆ بەسەرکردنەوەى پێشانگەی هونەریی قوتابخانەکە، کە تێیدا وێنەکێشان و کارە هونەرییەکان و ئەزموونە داهێنەرەکانی قوتابیانى تیادا نمایش کرابوو.







