فێرخوازانی زمانی ئینگلیزی لە قوتابخانەیەک باس لە ڕۆڵی سۆشیاڵ میدیا لە پەیوەندییە هەنوکەییەکان دەکەن
بە مەبەستی بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری لای نەوەی نوێ دەربارەی تەکنەلۆژیا، ڕۆژی دوشەممە ڕێکەوتى (٢٦/١/٢٠٢٦)، فێرخوازانی قۆناغی چوارەمی بەشی زمانی ئینگلیزی لە زانکۆی جیهان-هەولێر، سیمینارێکی هۆشیارییان بەناونیشانی “ڕۆڵی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە پەیوەندییە سەردەمییەکان لای هەرزەکاران” لە قوتابخانەی “بروسک”ی کچان پێشکەش کرد.
ئەم چالاکییە بە سەرپەرشتی مامۆستاى یاریدەدەر (مەروە مەحموود) بەڕێوەچوو، لە کاتی گەیشتنی شاندی زانکۆ، لە لایەن خاتوو (سەمیرە مەحمود ئیسماعیل) بەڕێوەبەری قوتابخانە و مامۆستا (ڤیان سابیر جامی) پێشوازییەکی گەرمیان لێکرا. لە میانی سیمینارەکەدا، فێرخوازانى زانکۆ تیشکیان خستە سەر لایەنە ئەرێنی و نەرێنییەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان؛ جەختیان لەسەر ڕۆڵی ئەم تۆڕانە لە ئاسانکاری پەیوەندی، ئاڵوگۆڕی زانیاری و پەرەپێدانی لێهاتووییەکانی زمان کردەوە، هاوکات باس لە تەحەدییەکانی وەک زیادەڕۆیی لە بەکارهێنانی شاشەکان، بڵاوبوونەوەی زانیاریی چەواشەکار و کێشەکانی سەلامەتی لە جیهانی دیجیتاڵیدا کرا. هەروەها جەخت لەسەر “هۆشیاری دیجیتاڵی” وەک ئامرازێک بۆ بەهێزکردنی کچان و هاندانیان بۆ بەکارهێنانی بەرپرسانەی تەکنەلۆژیا کرایەوە، بەو ئامانجەی بتوانن لە ڕێگەیەوە بەشداری لە گەشەپێدانی کۆمەڵایەتیی بەردەوامدا بکەن.
لە کۆتایی چالاکییەکەدا، تێیدا قوتابیانى قوتابخانەکە بە پەرۆشییەکی زۆرەوە بەشدارییان کرد و گفتوگۆیان دەربارەی خووەکانی پەیوەندی و ڕەفتارەکانیان لە ئۆنلاین و ئامانجە ئەکادیمییەکانی داهاتوویان ئەنجامدا.







