
فێرخوازانی بەشی زمانی ئینگلیزی ڕاهێنانێکى کردارى تایبەت بە پیتە بزوێن و، نەبزوێنەکان بە قوتابیانى قوتابخانەی تایبەتی تارگێت دەکەن
- Posted by University Press
- Date تشرینی دووەم 12, 2026
ڕۆژی چوارشەممە ڕێککەوتی 11/11/2026، گروپێک لە فێرخوازانی قۆناغی دووەم لە بەشی زمانی ئینگلیزی لە زانکۆی جیهان-هەولێر سیمینارێکی پەروەردەیییان دەربارەی پیتە بزوێن و، نەبزوێنەکان (Vowels and Consonants) لە قوتابخانەی تایبەتی تارگێت ئەنجام دا.
ئەم چالاکییە زانستییە بە سەرپەرشتیی مامۆستای یاریدەدەر مەروە مەحموود ئەمین بەڕێوە چوو، کە تێیدا سەرەتا فێرخوازان لەلایەن مامۆستا ڕزگاری ئاسۆ بەڕێوەبەری قوتابخانەکەوە پێشوازییەکی گەرمیان لێ کرا.
شیکردنەوەی دەنگە بزوێن و، نەبزوێنەکان:
لە میانەی سیمینارەکەدا، سەرەتا هەریەک لە فێرخوازان سیاڤ هێرش ڕامز و، شایان پشتیوان زاهیر پێشەکییەکیان دەربارەی پیتە بزوێن و، نەبزوێنەکان پێشکەش کرد و، جیاوازییەکانی نێوانیان و، پێنج پیتە بزوێنەکەی زمانی ئینگلیزی (A,E,I,O,U)یان ڕوون کردەوە.
دواتر فێرخوازان زەهرا جومعە کاکسور و، شەهەد ئەحمەد مەهدی لە ڕێگەی نموونەی جۆراوجۆرەوە بە وردی باسیان لە دەنگە بزوێنەکان کرد. پاشان فێرخوازان محەممەد ئەحمەد و، سوهەیلا سدیق ئەدهەم شیکردنەوەیان دەربارەی دەنگە بزوێنە کورت و، درێژەکان و، پیتە نەبزوێنەکان خستەڕوو تاوەکو ئاستی تێگەیشتنی قوتابیان بەرزتر بکەنەوە.
چالاکی کارلێککارانە:
بۆ چەسپاندنی زانیارییەکان، فێرخوازانی زانکۆ چالاکییەکی کارلێککارانەیان ڕێک خست و، قوتابیانیان بەسەر سێ گرووپدا دابەش کرد. لەو چوارچێوەیەدا قوتابیان پێشبڕکێی پڕکردنەوەی پیتە ونبووەکان و، دۆزینەوەی وشە ئاڵۆزەکانیان کرد.
ئەنجامی چالاکییەکە:
لە کۆتاییدا فێرخوازانى بەشداربوو سوپاسی مامۆستا ڕزگاری ئاسۆ بەڕێوەبەری قوتابخانەی تایبەتی تارگێتیان کرد بۆ کارئاسانی و ڕێکخستن و، بەڕێوەبردنی چالاکییەکەیان.



