فێرخوازانى بەشی زمانی ئینگلیزی هەڵمەتێکی هۆشیارکردنەوە سەبارەت بە شێرپەنجەی مەمک بەڕێوەدەبن
ڕۆژی دووشەممە، ڕێکەوتی 2025/10/13، گروپێک لە فێرخوازانى قۆناغی دووەمی بەشی زمانی ئینگلیزی لە زانکۆی جیهان – هەولێر، چالاکییەکی هۆشیارکردنەوەیان بە بۆنەی مانگی هۆشیارکردنەوەی شێرپەنجەی مەمک ڕێکخست.
لەو چالاکیەدا، کە بە سەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر (ڕۆژین حوسێنی) بەڕێوەچوو، فێرخوازان چالاکییەکەیان لە ماجیدی مۆڵ بەڕێوەبرد، کە تیایدا پرۆشۆرى تایبەت بە بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری لەسەر شێرپەنجەی مەمک لەناو ژنان و کچان بڵاوکردەوە، کە زانیاری سەرەتایی لەسەر شێرپەنجەی مەمک لەخۆگرتبو، هەروەک بە شێوەیەکی کارا لەگەڵ کچان و ژنان کە لە مۆڵەکە بوون مامەڵەیان کرد و، لە میانەى گفتوگۆکاندا تیشکیان خستە سەر گرنگی پشکنینی پێشوەختە، لەهەمان کاتدا فێرخوازان ئەوەشیان ڕونکردەوە، کە هۆشیارکردنەوە لەسەر شێرپەنجەی مەمک تەنها لایەنە جەستەییەکان ناگرێتەوە، بەڵکو لایەنە دەروونی، کۆمەڵایەتی و سۆزدارییەکانیش لەخۆدەگرێت، کە هەموویان پێویستیان بە بایەخپێدان و چاودێری هەیە، بۆ ئەوەش داوایان لە ژنان و کچان و ئافرەتانى مۆڵەکە کرد بە پشکنینی خولی و هۆشیاری بەردەوام پارێزگاری لە تەندروستی گشتی خۆیان بکەن.
لە کۆتایی چالاکییەکەیاندا، فێرخوازانى بەشى زمانى ئینگلیزى پەیامێکی بەهێز و ئیلهامبەخشانەیان پێشکەش بە ئافرەتان کرد و دروشمى “پێکەوە ئێمە لە شێرپەنجە بەهێزترین” بڵاوکردەوە و، داوایان لە هەمووان کرد کە بەردەوام بن لە بڵاوکردنەوەی ئەم پەیامە بە درێژایی مانگى ڕووبەڕووبونەوەى شێرپەنجەى مەمک.