فێرخوازانى بەشی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و دیپلۆماسی سەردانی باڵیۆزی پێشووی کۆماری عێراق لە سویسرا دەکەن
فێرخوازانى قۆناغی چوارەم لە بەشی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و دیپلۆماسی لە زانکۆی جیهان-هەولێر، ڕۆژى پێنچ شەممە ڕێکەوتى (٢٠/٢/٢٠٢٥)، سەردانێکی زانستییان بۆ نووسینگەی دکتۆر پیرۆت ئەحمەد ئیبراهیم باڵیۆزی پێشووی کۆماری عێراق لە سویسرا ڕێکخست.
دکتۆر پیرۆت ئەحمەد دواى بەخێرهێنانى فێرخوازان لە وتەیەدا باسى ئەزموونی خۆی لە کاری سیاسی و دیپلۆماسی پێشکەش بە فێرخوازان کرد، بۆ ئەو مەبەستەش بە وردى باسى گرنگترین ئەرک و کارەکانی باڵیۆزخانەکانی عێراق لە دەرەوەی وڵات و شێوازی کارکردن و نوێنەرایەتی دیپلۆماسی دەوڵەتی ڕوونکردەوە ،جەختی لەوەش کردەوە کە سەرکەوتنی دیپلۆماتکار لە توانای ئەو کەسەدایە کە لەگەڵ گرنگترین ڕووداوە جیهانییەکان بگونجێت و ئاگادارى نوێترین کارى سەرکردە و ستراتیجی بیرمەندان و سەرکردەکان لە وڵاتان بن.
فێرخوازانى بەشی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و دیپلۆماسی کۆمەڵێک پرسیاریان لە بارەى ئەو کارامەییانەی کە پێویستە گرنگییان پێبدرێت بەمەبەستی پەرەپێدانی توانا دیپلۆماسییەکانیان ئاراستەى باڵێوزى پێشوى عێراق کرد، ئەوەیش وەڵامى پرسیارەکانى دایەوە، هەروەک بە گرنگیەوە باسى لە ئەرکی فێرخوازانى پەیوەندییە نێودەوڵەتیی و دیپلۆماسییەکان لە ئێستادا کرد، بەتایبەت لە پەرەپێدان بە توانى تەکنەلۆژی و، دروستکردنى پەیوەندیکردنی کاریگەر بە سوودوەرگرتن لە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای هاوچەرخ بەتایبەت بۆ کاری دانوستاندن و شیکردنەوە و بەستنەوەی ڕووداوە سیاسییەکان و چۆنیەتی بڕیاردانی دروست لە کاتی قەیرانەکاندا کە پێویستی بە بڕیارێکی خێرا هەیە.