پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر فەرمانى لێخۆشبوونى لە کرێى خوێندن بەڕێژەى جیاواز بۆ (631) وەرگیراوانى قۆناغى یەکەم دەرکرد
لەچوارچێوەی پلان و بەرنامە درێژخایەنەکانى زانکۆى جیهان-هەولێر بۆ گرنگیدان و ڕەخساندنى دەرەفتى لەبارە و گونجاو بۆ فێرخوازان و دەرچوانى پۆلى دوانزەى ئامادەیی و، کەمکردنەوەی بارگرانی داراییە لەسەر شانی خێزانەکان، بۆ ساڵى خوێندنى (2025-2026) بڕیارى بەخشینى بە ڕێژەى جیاواز بۆ (631) فێرخواز پەسند کرد
لەو چوارچێوەیەدا و، دواى ئەوەى خوازیاران داواکانیان پێشکەش کرد بۆ وەرگرتنى سکۆلەرشیپەکان لە بەشە جیاکانى زانکۆى جیهان-هەولێر، لە ئەنجامدا و، لە مانگى (2)ى ئەمساڵدا بە (17) فەرمانى زانکۆى جیا کە بە ئیمزاى پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر دەرچووە، ناوى سەرجەم ئەو خوازیارانە ئاشکرا کرا، کە توانیویانە سکۆلەرشیپەکانى زانکۆى جیهان-هەولێر بەدەست بهێنن.
پێشتر سەرۆکایەتى زانکۆى جیهان-هەولێر لە دەستپێشخەریەکیدا، بە پشت بەستن لە فەرمانى کارگێڕى ژمارە (1763) لە ڕێکەوتى (11/10/2017) کە لەلایەن دەستەى ئەمینداریەتى زانکۆکانى جیهان دەرچووە و، بۆ بەدیهێنانى خواست و ئارەزوى دەرچوانى دوانزەى ئامادەیی بەتایبەت خاوەن تێکرایی نمرە بەرزەکان ئەو بڕیارەى ڕایگەیاند، هەربۆیە ژمارەیەک کورسى خوێندن لە بەشە جیاکانى زانکۆ وەک سکۆلەرشیپ ( داشکاندنی لە کرێی خوێندن بە پێی نمرە)یان بەخشى بەدەرچوانى دوانزەى ئامادەیی، جەختیش لەسەر ئەوە کرایەوە، داشکاندن و بەخشینەکە لە ڕێژەى (100 تا 15 %) لە کرێى خوێندن دەگرێتەوە، ھاوپێچ لەگەڵ فەرمانی زانکۆیی تایبەت بەو بابەتە ڕێژەى بەخشینەکەش بۆ هەریەک لەو فێرخوازانە بڕیارى لەبارەوە درا.
سەرۆکایەتى زانکۆى جیهان-هەولێر بەو بۆنەیەوە پیرۆزبایی لەسەرجەم ئەو فێرخوازانە کرد، کە توانیویانە ئەو سکۆلەرشیپانە بەدەست بهێنن، هەروەک پیرۆزبایی لەسەرجەم وەرگیراوانى قۆناغى یەکەم لە زانکۆى جیهان-هەولێر دەکەن، هاوکات داوا لە قوتابیانی وەرگیراو کراوە سەردانی بەشە پەیوەندیدارەکان بکەن بۆ تەواوکردنی ڕێکارە کارگێڕی و داراییەکانیان بۆ دەستپێکردنی پرۆسەی خوێندن. دوپاتى ئەوەش دەکاتەوە کە زانکۆى جیهان-هەولێر وەک زانکۆیەکى پێشەنگ لە کەرتى تایبەت بەردەوام هانى گەنجان دەدات و دەرفەتى گونجاویان بۆ دەڕەخسێنێ تا پەرە بەتوانا و لێهاتوەکانیان لە بوارە جیاکان بدەن.
بۆ بینى لیستى ناوى فێرخوازان و ڕێژەى داشکاندن کلیک (لێــــــــرە) بکە.





