فێرخوازانى تەکنیکى وێنەگرتنى تیشکى هەڵمەتێکى خێرخوازى بەڕێوەدەبەن
ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتى (٧ی نیسانی ٢٠٢٤)، فێرخوازانى بەشی تەکنیکى وێنەگرتنى تیشکى لە زانکۆی جیهان – هەولێر هەڵمەتێکی خێرخوازییان لە مانگى پیرۆزى ڕەمەزان بەڕێوەبرد، بۆ ئەو مەبەستەش بەدروشمى “خۆشی جەژن” و بەسەرپەرشتى پرۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر عبدالرزاق عەبدولسەلام محمد، فێرخوازانى قۆناغەکانى یەکەم و دووەم هەڵمەتەکەیان بەڕێوەبرد.
لەمیانەى هەڵمەتەکەدا ، فێرخوازان ٤٠ سەبەتەى خۆراکیان بەسەر خێزانە هەژار و کەم دەرامەتەکانى گەڕەکە جیاکانى شارى هەولێر دابەشکرد، ئەو پڕۆژە خێرخوازیە، سێ هەفتە لەمەوبەر فێرخوازان ڕاگەیندرا و، لە زانکۆ و دەرەوەى زانکۆ خەڵکى خێرخواز بەدەم دەستپێشخەریەکەوە هاتن و، توانیان کۆمەڵێک هاوکارى کۆبکەنەوە.
لە زانکۆی جیهان – هەولێر، فێرخوازان ساڵانە لە مانگى پیرۆزى ڕەمەزان هەڵمەتى جۆراجۆرى خێرخوازى بەڕێوەدەبن، بەئامانجى خزمەتکردنى چین و توێژە جیاکان بەتایبەت ئەوانەى پێویستیان بەکۆمەک و هاوکارى هەیە.