فێرخوازانی بەشى ئەندازیاری تەلارسازی لایەنە مێژوویی و ئەندازیارییەکانى قەڵای هەولێر دەخوێننەوە
ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی (١١ی شوباتی ٢٠٢٦)، بەشی ئەندازیاری تەلارسازی لە زانکۆی جیهان-هەولێر، سەردانێکی زانستیی مەیدانی بۆ فێرخوازانی قۆناغی یەکەم بۆ قەڵای مێژوویی هەولێر ڕێکخست.
ئەم سەردانە بە سەرپەرشتى یاریددەدەر تاقیگە (سەنا نەبیل نەجیب) ئەنجامدرا. فێرخوازان لەلایەن (ئاراز عەبدولخالق قادر) پێشوازییان لێکرا، کە تێیدا ڕوونکردنەوەیەکی تێروتەسەلی دەربارەی گرنگیی مێژوویی قەڵاکە وەک یەکێک لە کۆنترین شوێنە نیشتەجێبووە بەردەوامەکانی جیهان پێشکەش کردن، پاشان تیشکی خستە سەر شێوازە تەقلیدییەکانی بیناسازی و نەخشەسازی بەرگری و کەلتووری قەڵاکە لە ناو پێکهاتەی شاری هەولێردا.
لە میانی گەشتەکەدا، فێرخوازان لە نزیکەوە ئاشنای ڕێکخستنی فەزایی خانووە کەلەپوورییەکان و کۆڵانە تەسکەکان و شێوازی نەخشەسازیی حەوشەی ناوەندی بوون. ئەمە یارمەتیدەر بوو بۆ تێگەیشتن لەوەی چۆن هۆکارە ژینگەیی و کۆمەڵایەتییەکان کاریگەرییان لەسەر پێکهاتەی شارەوانی تەقلیدی هەبووە. هاوکات فێرخوازان لێکۆڵینەوەیان لەسەر ئەوە کرد، کە چۆن سیستمی هەواگۆڕکێی سروشتی، سێبەر و نەخشەسازیی چڕی بیناکان توانیویانە ئاسوودەیی گەرمی (Thermal Comfort) بۆ دانیشتووان دابین بکەن، زۆر پێش دەرکەوتنی تەکنەلۆژیا مۆدێرنەکان.








