فێرخوازانی بەشى تەکنیکی وێنەگرتنی تیشکی هەڵمەتێکی هۆشیاری تەندروستی لە قوتابخانەی جیهانى بنەڕەتى بەڕێوەدەبەن
کۆمەڵێک لە فێرخوازانی قۆناغی یەکەمی بەشی تەکنیکی وێنەگرتنی تیشکی لە زانکۆى جیهان-هەولێر، ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی (١١/٢/٢٠٢٦)، سیمینارێکی هۆشیارییان بۆ قوتابیانی قۆناغی پێنجەمی بنەڕەتى لە قوتابخانەی جیهانی ئەهلی پێشکەش کرد.
ئەم چالاکیە، کە بە سەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر (عومەر عادل) سەرۆکی بەشی تەکنیکی وێنەگرتنی تیشکی بەڕێوەچوو، سەرەتا فێرخوازان لەلایەن (محەمەد عیماد محەمەد) بەڕێوەبەری قوتابخانەی جیهانی ئەهلی پێشوازییان لێکرا. پاشان فێرخوازان ناوەڕۆکى چالاکیەکەیان، کە پێشکەشکردنى سمینارێک بوو پێشکەشى قوتابیانى قوتابخانەکەیان کرد و تیایدا جەختیان لە پاکوخاوێنى و ژیانى تەندروست کردەوە.
لە میانی سیمینارەکەدا، فێرخوازانی زانکۆ بە شێوازێکی سادە و گونجاو لەگەڵ تەمەنی منداڵەکان، کۆمەڵێک لە گرنگترین خووە تەندروستەکانیان بۆ قوتابیان ڕوون کردەوە. بۆ ئەم مەبەستە، برۆشووری هۆشیاری تایبەت دابەش کران، کە بە شێوەیەک دیزاین کرابوون سەرنجی منداڵان ڕابکێشن و هانیان بدەن بۆ پەیڕەوکردنی ژیانێکی تەندروست. هەروەها چالاکییەکە چەندین یاریی کارلێکەری لەخۆ گرتبوو، کە یارمەتیدەر بوون لە گەیاندنی پەیامە تەندروستییەکان بە شێوەیەکی چێژبەخش و هاندەر.







