فێرخوازانی بەشى ئەندازیاری دیزاینی ناوخۆیی بەسەردانێکى زانستى ناوەندی (دیوان لاند) بەسەردەکەنەوە
ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی (٢٥ی شوباتی ٢٠٢٦)، فێرخوازانی قۆناغی دووەمی بەشی ئەندازیاری دیزاینی ناوخۆیی لە زانکۆی جیهان–هەولێر، سەردانێکی زانستیی مەیدانییان بۆ گروپى (دیوان لاند) لە شاری هەولێر ئەنجامدا.
ئەم چالاکییە بە سەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر (لانا شەهاب ئەحمەد) بەڕێوەچوو، بەگەیشتنیان لەلایەن (ئارام مستەفا کەریم) بەڕێوەبەری گشتیی گرووپی دیوان لاند لە هەولێر، پێشوازییەکی گەرمیان لێکرا. لە دەسپێکی سەردانەکەدا، ئارام مستەفا کەریم تیشکی خستە سەر دیدگای دیزاین و ڕۆڵی ئەم ناوەندە لە پێشکەشکردنی چارەسەرە دیزاینییە مۆدێرنەکاندا. بۆ ئەو مەبەستەش ڕوونکردنەوەی وردی دەربارەی ڕێکخستنی هۆڵەکانی نمایش (Showrooms)، دابەشکردنی بەرهەمەکان و، ستراتیژییەکانی نیشاندانی کەلوپەل و سیستمی ڕووناکی و ماددەکانی کۆتاییهێنان (Finishing) خستە ڕوو. هەروەها باس لە پەیوەندی نێوان چەمکەکانی دیزاینی ناوخۆ و پێداویستییەکانی بازاڕ کرد و، جەخت لەسەر گرنگیی کۆنتڕۆڵی جۆری و هەڵبژاردنی کەرەستەی گونجاو کرایەوە.
لە بەشێکی دیکەی گەشتەکەدا، لایەنە تەکنیکییەکانی وەک هاوسەنگیی ڕەنگەکان، دابەشکردنی فەزایی و دوایین ئاراستەکان (Trends) لە دیزاینی نیشتەجێبوون و بازرگانیدا بۆ فێرخوازان ڕوونکرایەوە. چالاکییەکە بە دانیشتنێکی گفتوگۆیی کۆتایی هات کە تێیدا فێرخوازان چەندین پرسیاری پسپۆڕییان دەربارەی میکانیزمەکانی جێبەجێکردنی دیزاین، هەماهەنگی لەگەڵ دابینکەران و، بەڕێوەبردنی بودجەی پڕۆژەکان ئاراستە کرا، ئەمەش ئاستی تێگەیشتنی فێرخوازانی بۆ ژینگەی کاری پیشەیی لە پیشەسازیی دیزاینی ناوخۆدا بەرزتر کردەوە.







