فێرخوازانی بەشى ئەندازیاری دیزاینی ناوخۆیی لایەنە تەکنیکی و دەنگییەکانی “سینەما هەولێر” بەسەر دەکەنەوە
ڕۆژی سێشەممە، ڕێکەوتی (١٠/٢/٢٠٢٦)، فێرخوازانی قۆناغی سێیەمی بەشی ئەندازیاریی دیزاینی ناوخۆ لە زانکۆی جیهان–هەولێر، سەردانێکی زانستیی مەیدانییان بۆ “سینەما هەولێر” ئەنجامدا.
ئەم سەردانە بە سەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر (لانە شەهاب ئەحمەد) ڕێکخرا، لە کاتی گەیشتنیان، لەلایەن (هیشمەت نارنجی) بەڕێوەبەری سینەماى هەولێر، پێشوازییەکی گەرمیان لێکرا و ڕوونکردنەوەی وردی دەربارەی لایەنە دیزاینی و تەکنیکییەکانی فەزاکانی سینەما پێشکەش بە فێرخوازان کرد. هاوکات تیشکى خستە سەر بنەماکانی “دیزاینی دەنگی” (Acoustic Design) لە هۆڵەکانی نمایشدا و بەکارهێنانی ئەو ماددانەی دەنگ دەمژن لە دیوار و سەقفەکاندا، هەروەها باسى لە ڕێکخستنی کورسییەکان بۆ ڕێگریکردن لە دەنگدانەوە (Echo) و دڵنیابوون لە ڕوونی و هاوسەنگی دەنگ کرد. جگە لەوەش، فێرخوازان ئاشنای ژووری کۆنتڕۆڵی تەکنیکی بوون و ڕۆڵی ئەو ژوورەیان بۆ ڕوونکرایەوە لە بەڕێوەبردنی سیستمی نمایش، شاشە دیجیتاڵییەکان و، سیستمی ڕووناکی و دەنگ لە کاتی نمایشکردنی فیلمەکاندا.
لە کۆتایی سەردانەکەدا، هیشمەت نارنجی گرنگیی ڕێکخستنی هۆڵەکان و ڕێڕەوەکانی جووڵە و دابەشکردنی کورسییەکانی بۆ فێرخوازان ڕوون کردەوە، کە یارمەتیدەر بوو بۆ تێگەیشتن لە چۆنییەتی گونجاندنی پێداویستییە کارکردی و تەکنیکی و جوانکارییەکان لە دیزاینی سینەمادا. جەختیشى لەسەر ئەوە کردەوە کە تێگەیشتن لە لایەنە دەنگییەکان و پێداویستییە تەکنیکییەکان لە بینا ترفیهییەکاندا، یەکێکە لە زانیارییە بنەڕەتییەکان بۆ فێرخوازانی دیزاینی ناوخۆ، چونکە ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت لە سەرکەوتنی پڕۆژە ئەکادیمی و پیشەییەکانی داهاتوویان.







