Back

فێرخوازانی بەشى ئەندازیاریی دیزاینی ناوخۆ بە سەردانێکی زانستیی؛ قەڵای هەولێریان بەسەرکردەوە

ڕۆژی چوارشەممە ڕێککەوتی 07/10/2026، کۆمەڵێک لە فێرخوازانی قۆناغى چوارەم لە بەشی ئەندازیاریی دیزاینی ناوخۆ لە زانکۆی جیهان-هەولێر سەردانێکی مەیدانیی زانستییان بۆ قەڵای هەولێر ئەنجام دا.

مامۆستای یاریدەدەر ئاوس ئەحمەد عەبدولحەمید سەرپەرشتیی سەردانەکەی کرد و، بە گەیشتنیان  لەلایەن ئەردەلان بایز حەمەد ئەندازیاری سەرپەرشتیار لە قەڵای هەولێر پێشوازی لە فێرخوازان کرا.

پاشان ئەردەلان بایز حەمەد هاوڵى فێرخوازانی کرد و، بە پلاندانانی گشتیی قەڵاکە ئاشناى کردن، هەروەها بەهای مێژوویی باڵەخانەکانى بۆ فێرخوازان شیکردەوە و، جەختی لەسەر گرنگیی توخمە مێژووییەکان و گرنگیی پاراستنیان کردەوە.

لە بەشێکى دیکەى قسەکانیدا ئەردەلان بایز حەمەد زانیاریی تەواوى لەبارەی دیزاین و بەکارهێنانی ماددە کۆنەکان و گونجانیان لەگەڵ ماددە نوێیەکان لە باڵەخانەکان پێشکەشى فێرخوازان کرد. لەو چوارچێوەیەشدا تیشکى خستە سەر لایەنەکانی پەیوەندیدارەکانى پەیوەست بە دیزاینی ناوخۆیی، وەک ڕێکخستنی بۆشاییەکان، ڕێڕەوەکانی جووڵە و، پەیوەندیی نێوان ڕووبەرە ناوخۆییەکان و پێداویستییە نیشتەجێبوونەکان.

لە کۆتایشدا فێرخوازان و مامۆستاى سەرپەرشتیار و ئەندازیارى قەڵاکە گفتوگۆیان لەبارەى چۆنیەتى هەنگاوەکانى نۆژەنکردنەوە و ڕەچاوکردنى دیزاینى لایەنى مێژویی باڵەخانەکانى قەڵاکە کرا.