
فێرخوازانی بەشی ئەندازیاری دیزاینی ناوخۆ بە سەردانێکی زانستیی (پێری هۆم)یان کرد
- Categories بەشی ئهندازیاری دیزاینی ناوخۆیی
- Date تشرینی یەکەم 15, 2026
ڕۆژی سێشەممە ڕێککەوتی 13/10/2026، گروپێک لە فێرخوازانی قۆناغی دووەم لە بەشی ئەندازیاریی دیزاینی ناوخۆ لە زانکۆی جیهان – هەولێر سەردانێکی مەیدانیی زانستییان بۆ (پێری هۆم Perry Home) ئەنجام دا.
سەردانەکە بە سەرپەرشتیی مامۆستای یاریدەدەر لانە شەهاب ئەحمەد، بەڕێوەچوو، بەگەیشتنیان لەلایەن ڕێوار سەلمان ئەسعەد، خاوەنی کۆمپانیای پێری هۆم پێشوازییان لێکرا.
لە کاتی سەردانەکەدا، خاوەنی کۆمپانیای پێری هۆم فێرخوازانى ئاشناى دیزاینەکانی کەلوپەل و بەرهەمەکانی کۆمپانیاکەیان کرد. هەروەها بەوردى ڕونکردنەوەى لەبارەى جۆرەکانی دیزاینی کەلوپەل و تایبەتمەندییە ئەرکی و جوانکارییەکانیان پێشکەش بە فێرخوازان کرد.
لە بەشێکى دیکەى قسەکانیدا، باسى لە گرنگیی هەڵبژاردنی کەلوپەلی گونجاو بەپێی پێداویستییەکانی فەزا ناوخۆییەکان کرد. هەروەها پەیوەندیی نێوان نموونەکانی کەلوپەل، کەرەستە بەکارهاتووەکان، ڕەهەندەکانی و چەمکی دیزاینی گشتیی بۆ فەزای ناوخۆیی بۆ فێرخوازان ڕوون کردەوە.
سەرباری ئەوانەش، فێرخوازانى بەشێوەیەکى مەیدانى ئاشناى نموونەى کەلوپەلی نمایشکراوەکان و چۆنیەتیی دابەشکردنی پارچەکانی کەلوپەلکان کرد، بەجۆرێک کە فەزای ناوخۆیی پرۆسەیی، ئارامبەخش و لە ڕووی بینینەوە ڕێکخراو بهێنێتە دی.
لە کۆتایشدا ڕێوار سەلمان ئەسعەد جەختی لەسەر گرنگیی هەڵبژاردنی کەلوپەل و دابەشکردنی دیزاینی ڕووبەرە نیشتەجێبوونەکاندا بە شێوازێکی پرۆسەیی و سەرنجڕاکێش کردەوە، بە ڕەچاوکردنی پێداویستیی بەکارهێنەران و ئەرکی دیاریکراو بۆ هەر بۆشایی و فەزایەک.



