فێرخوازانی بەشى بایۆمیدیکاڵ لە سەردانێکى مەیدانیدا ئاشنای بەشە جیاوازەکانی نەخۆشخانەی ماجیدی و ئامێرە پزیشکییەکان بوون
فێرخوازانی قۆناغی یەکەمی بەشی بایۆمیدیکاڵ لە زانکۆی جیهان-هەولێر، ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی (١٠ی شوباتی ٢٠٢٦)، سەردانێکی زانستییان بۆ نەخۆشخانەی ماجیدی ئەنجامدا. ئەم سەردانە بە سەرپەرشتی مامۆستا (نیشتمان عومەر عەبدوڵا) ڕێکخرا و فێرخوازان لەلایەن دکتۆر (هەندرێن ماجیدی) بەڕێوەبەری گشتی نەخۆشخانە و ستافی پزیشکییەوە پێشوازییان لێکرا.
لە دەسپێکی سەردانەکەدا، فێرخوازان بەشی فریاکەوتنیان بەسەرکردەوە و لەوێ ئاشنای ڕێکارەکانی پێشوازیکردن لە نەخۆش و شێوازەکانی فریاگوزاری سەرەتایی بوون، هەروەها ڕوونکردنەوەیان لەسەر ئەو ئامێرە هەستیارانە پێدرا کە بۆ ڕزگارکردنی ژیانی نەخۆش بەکاردەهێنرێن. دواتر فێرخوازان سەردانی بەشی چاودێری وردی منداڵە ناکامەکان (NICU)یان کرد و ئامێری چارەسەری تیشکی و ئامێری پێوانەکردنی (بێلیرۆبین)یان بینی کە بۆ دەستنیشانکردنی زەردوویی لە لای کۆرپەلە بەکاردێت.
لە کۆتا وێستگەی سەردانەکەدا، فێرخوازان چوونە دەرمانخانەی نەخۆشخانەکە و لەوێ ڕوونکردنەوەی وردیان دەربارەی پۆلێنکردنی گرووپە جیاوازەکانی دەرمان و شێوازی ڕێکخستن و هەڵگرتنیان پێشکەش کردن. مامۆستا نیشتمان عومەر بە نوێنەرایەتی بەشەکە سوپاسی بەڕێوەبەر و ستافی نەخۆشخانەی ماجیدی کرد بۆ ئەو دەرفەتە زانستییە و پێشوازییە گەرمەی کە لێیان کرا.







