فێرخوازانی بەشی کارگێڕی کار سەردانى کۆمپانیای (ئیفۆرتی)یان کرد و، ئاشنای جیهانی بازرگانیی دیجیتاڵی بوون
ڕۆژی دووشەممە، ڕێکەوتی (٩ی شوباتی ٢٠٢٦)، فێرخوازانی قۆناغی دووەم و چوارەمی بەشی کارگێڕی کار لە زانکۆی جیهان-هەولێر، بە سەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر (هێڤی محەمەد قادر)، سەردانێکی زانستی و مەیدانییان بۆ کۆمپانیای ئیفۆرتی ئەنجامدا.
لە کاتی گەیشتنیان، لەلایەن (کێوان حەسەن) ڕاهێنەر و بەڕێوەبەری کۆمپانیاوە پێشوازییان لێکرا. سەرەتاش سیمینارێکی وردی بۆ فێرخوازان پێشکەش کرد و تێیدا باسی لەوە کرد کە داهاتووی بازرگانی لە دەستی تەکنەلۆژیای دیجیتاڵیدایە، چونکە لەو ڕێگەیەوە دەتوانیت سنوورەکان ببڕیت و بازرگانییەکەت بە هەموو جیهان بناسێنیت. تەوەرە سەرەکییەکانی سیمینارەکە بریتی بوون لە شێوازی پلاندانان، جۆرەکانی دیجیتاڵ مارکێتینگ، بەکارهێنانی ئیمەیڵی بازرگانی، دروستکردنی وێبسایت و چۆنیەتی بەڕێوەبردنی سۆشیاڵ میدیا بە شێوەیەکی پڕۆفیشناڵ.
هەروەها، بەڕێوەبەری کۆمپانیاکە تیشکی خستە سەر گرنگیی هەڵبژاردنی کەسانی بەناوبانگ بۆ ئەنجامدانی ڕیکلام و کاریگەرییەکانیان لەسەر کڕیار. هاوکات ئامارێکی سەرنجڕاکێشی لەسەر بەکارهێنەرانی سۆشیاڵ میدیا خستە ڕوو، کە تێیدا دیار بوو لە جیهاندا ٥.٣ ملیار و لە کوردستان ٢.٩ ملیۆن کەس بەکاربەری سۆشیاڵ میدیان.
لە کۆتایی سیمینارەکەدا، فێرخوازان ئاشناى بەکارهێنانی بەرنامەی زیرەک کران بۆ دڵنیابوونەوە لە ڕاستی و دروستی هەواڵەکان. دواتریش کێوان حەسەن وەڵامی پرسیارەکانی فێرخوازانی دایەوە و، مامۆستای سەرپەرشتیاریش سوپاسی کۆمپانیاکەی کرد بۆ ڕەخساندنی ئەم دەرفەتە زانستییە گرنگە.







