فێرخوازانی بەشى کارگێڕی گشتى لە بەڕێوەبەرایەتی کۆچ و کۆچبەران ئاشنای میکانیزمەکانی بەڕێوەبردنی تەنگژەکان و کاروباری کۆچبەران دەبن
ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی (١٠ی شوباتی ٢٠٢٦)، فێرخوازانی قۆناغی چوارەمی بەشی کارگێڕی گشتى لە زانکۆی جیهان-هەولێر، سەردانێکی زانستی و مەیدانییان بۆ بەڕێوەبەرایەتی کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکان ئەنجامدا.
ئەم سەردانە بە سەرپەرشتی (پڕۆفیسۆرى یاریدەدەر دکتۆر مەحمود ئەلباشکالی) ڕێکخرا، لە کاتی گەیشتنیان، لەلایەن خاتوو (ناز جەلال) بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتییەکە بە گەرمی پێشوازییان لێکرا، کە تێیدا کورتەیەکی لەسەر پێکهاتەی دامەزراوەکە و بەرپرسیارێتییەکانیان لە ناو هەرێمی کوردستان پێشکەش کرد، پاشان باسی لە گرنگیی هەماهەنگی نێوان لایەنە حکومییەکان کرد لە کاتی ڕووداوە کتوپڕەکاندا. دواتر لێپرسراوی بەشی داتا و زانیارییەکان، ڕوونکردنەوەی وردی دەربارەی سیستمی کۆکردنەوە و شیکردنەوەی زانیارییەکان لە کاتی قەیرانەکاندا دا، کە چۆن داتای ورد دەبێتە پاڵپشت بۆ بڕیارە دروستەکان.
هەروەها، لە بەشێکی دیکەی سەردانەکەدا، ئەندامێکى تیمی وەڵامدانەوەی خێرا (RRU)، باسی لە ڕۆڵی تیمەکەیان کرد لە کاتی فریاگوزاری و دەستێوەردانی خێرا لە مەیدانی ڕووداوەکاندا. هاوکات تیشکی خستە سەر ئەو ئاستەنگییانەی ڕووبەڕووی تیمەکانیان دەبێتەوە و ئەو ستراتیژییانەی بەکاری دەهێنن بۆ گەیاندنی هاوکارییەکان لە کاتی گونجاودا.







