فێرخوازانی بەشی کارگێڕی گشتی بەگەشتێكی زانستی سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی گومرگی هەولێر دەكەن
سەرۆكایەتی بەشی کارگێڕی گشتی، گەشتێکی مەیدانیی زانستیی بۆ بەڕێوەبەرایەتی گومرگ لە هەولێر بۆ ژمارەیەك لە فێرخوازانی قۆناغەكانی دووەم و سێیەم ڕێكخست.
ڕۆژی دووشەممە، ڕێکەوتی (1/12/2025) گروپێك لە فێرخوازانی هەریەك لە قۆناغی دووەم و سێیەمی بەشی کارگێڕی گشتی، بە سەرپەرشتیی مامۆستای یاریدەدەر (ڕاز ئازاد جەلال)، سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی گومرگی هەولێریان کرد.
لە کاتی گەیشتنیان، لەلایەن (فایەق ئەحمەد میران)، بەڕێوەبەری گومرگی هەولێر، بە گەرمی پێشوازییان لێ کرا. لە چوارچێوەی چالاکییەکانی سەردانەکەیاندا، فایەق ئەحمەد میران سمینارێکی پوخت و پڕ زانیاریی پێشکەش کرد، کە تێیدا ڕوونی کردەوە سیستمی کارکردنی دامەزراوەکە چۆنە، هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە پەیکەری کارگێڕیی بەڕێوەبەرایەتیی گومرگی هەولێر لە سێ بەشی سەرەکی پێکهاتووە: بەشی کارگێڕی، بەشی گومرگ و بەشی ئۆتۆمبێل، کە هەر بەشێکیشیان لە چەندین هۆبە و یەکە پێکهاتوون. ئەوەشی خستەڕوو کە بەڕێوەبەرایەتییەکە پشت بە سیستمی هەماهەنگی (HS System) دەبەستێت بۆ پۆلێنکردنی کاڵاکان، کە سیستمێکی نێودەوڵەتیی دانپێدانراوە و لە سەرتاسەری جیهاندا بۆ مەبەستەکانی گومرگ کاری پێ دەکرێت، هەروەك ئەوەشی بۆ فێرخوازان ڕونكردەوە، كە بەڕێوەبەرایەتیی گومرگی هەولێر بەپێی یاسای گومرگ، تەعریفەی گومرگی و ڕێبەری گومرگ کارەکانی ڕایی دەکات، کە ئەمانە پێکەوە دەسەڵاتی یاسایی دابین دەکەن و ئەرک و بەرپرسیارێتییەکانی گومرگ دیاری دەکەن، هەروەها ڕێکارە کردەییەکان بۆ کارە ڕۆژانەکان دەخەنە ڕوو.
لە وێستگەیەكی دیكەی سەردانەكەیاندا فێرخوازان لە نزیكەوە ئاشنای بەش و پێكهاتە جیاوازەكانی بەڕێوەبەرایەتیەكە و چۆنیەتی ڕایكردنی كاروبارەكانی ڕۆژانە كران، لە کۆتایی سەردانەکەدا، مامۆستای سەرپەرشتیار و فێرخوازان سوپاس و پێزانینی خۆیان ئاراستەی میفایەق ئەحمەد و تیمەکەی کرد، لە بەرامبەر ئەو پێشوازییە گەرمە و خستنەڕووە زانستییە بەسوودەی کە پێشکەشیان کرا.







