فێرخوازانى بەشەکانى کارگێڕى گشتى و کارگێڕى کار لە کۆمپانیای “ئەمان” ئاشناى کەرتی دڵنیایی و سیستمە کارگێڕییەکان دەبن
ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی (٢٢/١/٢٠٢٦)، فێرخوازانی قۆناغی دووەم و سێیەمی بەشەکانی (کارگێڕی گشتی) و (کارگێڕی کار)، بە سەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر (ڕاز ئازاد جەلال)، سەردانێکی زانستی مەیدانییان بۆ کۆمپانیای (ئامان) بۆ دڵنیایی (Aman Insurance) ئەنجامدا.
لە کاتی گەیشتنیاندا، شاندی فێرخوازان لە لایەن (حسێن مستەفا) بەڕێوەبەری کارگێڕی و دارایی، خاتوو (مەئوا سمکۆ) بەڕێوەبەری تەندروستی و دڵنیایی و، خاتوو (شەهنیار ئاکۆ) بەڕێوەبەری بازاڕکاری بە گەرمی پێشوازییان لێکرا. لە سەرەتای سەردانەکەدا، حسێن مستەفا سیمینارێکی ناساندنی دەربارەی پێگە و ڕۆڵی کۆمپانیای ئامان پێشکەش فێرخوازان کرد، بۆ ئەوەش تیشکی خستە سەر گرنگی خزمەتگوزارییەکانی دڵنیایی لە پاراستنی تاک، خێزان و دامەزراوەکان لە مەترسییە جیاوازەکان. هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە کۆمپانیای ئەمان یەکێکە لە کۆمپانیا پێشەنگ و سەقامگیرەکانی هەرێمی کوردستان و شەش جۆری سەرەکی دڵنیایی پێشکەش دەکات، کە بریتین لە: (دڵنیایی تەندروستی، ئۆتۆمبێل، موڵک و ماڵ، کاڵا، ئەندازیاری و دڵنیایی ڕووداوەکان). لە بەشێکى دیکەى قسەکانیدا لایەنێکی گرنگی کارگێڕی بۆ فێرخوازان ڕوون کردەوە، ئەویش بەکارهێنانی سیستمی جیهانیی (Odoo ERP)یە بۆ ڕێکخستن و بەڕێوەبردنی هەموو پرۆسە کارگێڕی و داراییەکانی کۆمپانیاکە بە شێوەیەکی دیجیتاڵی و کارا.
دواتر، خاتوو مەئوا سمکۆ، بەڕێوەبەری تەندروستی و دڵنیایی، باسێکى دەربارەی “دڵنیایی تەندروستی” پێشکەش کرد و، تێیدا جیاوازی نێوان دڵنیایی بەکۆمەڵ (کە کۆمپانیاکان بۆ کارمەندەکانیان دابینی دەکەن) و، دڵنیایی تاکەکەسی بۆ فێرخوازان شیکردەوە.
لە بەشێکى دیکەی سەردانەکەدا، خاتوو شەهنیار ئاکۆ، بەڕێوەبەری بازاڕکاری، باسی لە ستراتیژییەکانی کۆمپانیاکە کرد بۆ ناساندنی خزمەتگوزارییەکانیان. بۆ ئەوەش ڕوونی کردەوە بەهۆی ئەوەی چەمکی دڵنیایی لە ناو کەلتوری ناوچەکەدا تا ڕادەیەک نوێیە، کۆمپانیاکەیان پشت بە ئامرازی جۆراوجۆری وەک بازاڕکاری مەیدانی، بازاڕکاری دیجیتاڵی و ڕیکلامی تەلەڤزیۆنی دەبەستێت بۆ بڵاوکردنەوەی هۆشیاری و ڕاکێشانی کڕیار.
لە کۆتایی گەشتە زانستییەکەدا، فێرخوازان و مامۆستای سەرپەرشتیار سوپاسی ئیدارەی کۆمپانیای ئەمانیان کرد بۆ ڕەخساندنی ئەم دەرفەتە و دابینکردنی زانیارییە بەپێزەکان.







