چوارەمین کۆنفرانسى نێودەوڵەتى یاسا و پەیوەندییە نێودەوڵەتیەکان بەخستنەڕووى (٢٣) ڕاسپاردە و پێشنیازى گرنگ کۆتایی بەکارەکانى هێنا
لە ڕۆژانى چوارشەممە و پێنچ شەممە ڕێکەوتى (٦-٧/١٢/٢٠٢٣) زانکۆى جیهان-هەولێر بەهاوبەشى زانکۆى جداراى شانشینى هاشمى ئوردنى و، بەئامادبوونى ژمارەیەکى بەرچاو لە ئەکادیمیستان و توێژەران و شارەزایان و مامۆستایانى زانکۆ، (چوارەمین کۆنفرانسى نێودەوڵەتى یاسا و پەیوەندییە نێودەوڵەتیەکان)یان بەڕێوەبرد و، بەخستنەڕووى (٢٣) ڕاسپاردە و پێشنیاز کارەکانى کۆنفرانس کۆتای هات.
لە میانەى دوو ڕۆژى کۆنفرانسەکەدا، (51) توێژینەوە لە ڕێگەى چوار پانێڵى جیاواز، لەلایەن توێژەران و پسپۆڕانى ناوخۆیی و عێراق و نێودەوڵەتى پێشکەشکران، هەروەک دوابەدواى پێشکەشکردنى سەرجەم توێژینەوەکانى ئەو پانێڵانە، لەلایەن ئامادەبووان و بەشداربووانى کۆنفرانسەکە، چەندین پرسیار ئاراستەى توێژەران کرا، هاوکات بەشێک لە بەشداربووان بەسەرەنج و بۆچون و ڕەخنە زانستیەکانیان توێژینەوەکانیان دەوڵەمەنتر کرد، بەوەش کۆنفرانسەکە گڕوتینێکى زانستى زۆرى لە نێوان ئەندامانى کۆنفرانس دروستکرد، لەهەمانکاتدا توێژەران وەڵامى پرسیار و سەرەنج و بۆچوونى بەشداربوانیان دایەوە.
ڕۆژى پێنچ شەممە، ڕێکەوتى (٧/١٢/٢٠٢٣)، لە هۆڵى کۆنفرانسەکانى زانکۆى جیهان-هەولێر بە مەراسیمێک کۆتایى بەکارنامەى کۆنفرانسەکە هات، بۆ ئەو مەبەستە سەرەتا پرۆفیسۆر دکتۆر (ئەمجەد صابر دەلۆ) سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر وتارێکى پێشکەش کرد، لە وتارەکەیدا دواى بەخێرهێنانى میوانان وتى: دوای دوو ڕۆژ گفتوگۆی بەردەوام لەسەر کۆمەڵێک بابەتى گرنگ لە بواری یاسا و پەیوەندییە نێودەوڵەتی و سیاسییەکان، لەگەڵ برای ئازیزم سەرۆکی زانکۆی جەداراە بەشداری بەشێک لەو دانیشتنانەمان کرد و گفتوگۆیەکی بەرهەمدارمان بینى، شتێکی دڵخۆشکەر لەم دانیشتنانەدا ئەوە بوو کە بابەتەکان زۆربەیان مۆدێرن و گونجاو بوون لەگەڵ سەردەمی ئێستادا، بەتایبەت بابەتەکانى پەیوەست بە زیرەکى دەستکرد و تەکنەلۆژیای مۆدێرن و کاریگەرییەکانی لەسەر یاسادانان و، پەیوەندییە سیاسییەکان، پێکهاتە سیاسییەکان، سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر؛ هەر لە وتارەکەیدا ڕونیکردەوە کە لەم سەردەمەدا هیچ بوار و سێکتەرێک لە کۆمەڵگە و دەوڵەتەکان نەماوە نەکەوتبێتنە ژێر کاریگەرى هەژمونى تەکنەلۆژیا، هەموو ئەمانە ڕوبەڕوى ئاڵنگارى گەورە بونەتەوە، بۆیە ئەگەر نەنتوانین ئەو ئاستەنگانە تێبپەڕێنین، ئەوا ناتوانین لەگەڵ جیهان بەرەو پێشەوە بڕۆین، وتیشى باشترین ڕێگە بۆ دەربازبون لەو دۆخە بریتیە لە ئەنجامدانى توێژینەوەى زانستى.
پرۆفیسۆر دکتۆر (ئەمجەد صابر دەلۆ) بەشێکى دیکەى وتارەکەى تەرخانکرد بۆ ئەو کێشەى گرفتانەى لەم سەردەمەدا لە عێراق و وڵاتانى عەرەبى ڕوبەروى توێژینەوەى زانستى بۆتەوە، کە وەک پێویست نەتوانراوە سوود لە ناوەڕۆکى توێژینەوە زانستیەکان بۆ خزمەتکردنى کۆمەڵگە و بەرەوپێشبردنى لە بوارە جیاکان بەکاربهێندرێت، بۆ ئەوەش جەختى لە پێویستى ڕەخساندنى ژینگەیەکى گونجا و لەبارە بۆ پراکتیزەکردنی توێژینەوەکان لەسەر ئەرزى واقیع کردەوە.
لە کۆتایی وتەکەشیدا؛ پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سوپاس و پێزانینى تایبەت ئاراستەى هەموو ئەو کەسانە کرد، کە لەماوەى ڕابردودا بۆ سەرخستن و بەستنى ئەم کۆنفرانسەدا بەهاوبەشى کاریان کردوە، لەوانە سەرۆکى زانکۆى جدرارا و ڕاگرى کۆلێژەکانى یاسا و مامۆستایان کە هاوبەشى کۆنفرانسەکە بوون، هاوکات سوپاسى لێژنەکانى (زانستى و ئامادەکارى کۆنفرانس، کارگێڕى و دارایى، ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکان، تەکنەلۆژیاى زانیارى، پێشوازى و ڕێکخستنى هۆڵەکانى کۆنفرانس)ى کرد، هەروەها سوپاسى توێژەران و مامۆستایانى کرد، کە بە توێژینەوە بەنرخەکانیان بەشداری کاریگەریان لە کۆنفرانسەکەدا کردوە و، تەوەرەکانى کۆنفرانسەکەیان دەوڵەمەندتر کردوە.
پاشان لەلایەن دکتۆر عومەر زوبێر شێخانى سەرۆکى بەشى یاسا لە زانکۆى جیهان-هەولێر و دەرئەنجام و پێشنیاز و ڕاسپاردەکانى کۆنفرانس خوێندرایەوە، کە (٢٣) خاڵى لە خۆگرتبوو، ئەوانیش بریتیبوون لە:
- پێویستە پەلە بکرێ لە دەکردن و پەسەندکردنی ئەو پرۆژە یاسایانەی کە حوکمڕانی باش لە عێراق دادەمەزرێنن، لە پێش هەموویان دەرکردنی یاسایەکی دادپەروەرانەی هەڵبژاردنن، یاسای بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، پەسندکردنى ڕەشنووسی یاسای ئازادی ڕادەربڕین و گردبوونەوە، نەوت و گاز، دەرکردنی یاسایەک سەبارەت بە دیجیتاڵکردنی دادگاییکردن لە داکۆکیکردنی ئەلیکترۆنیدا کە ڕێکارەکانی ڕێنمایی ئەلیکترۆنی بخاتە ڕوو.
- پیرۆزکردنی شەرعیەتی دیموکراسی یان شەرعیەتی جەماوەری بۆ متمانەی جەماوەری لە ڕێگەی داهێنان لە خزمەتکردنی خەڵک، نابێ پابەندبوونی دارایی بسەپێندرێ، جگە لەکاتی زۆر پێویست نەبێ، ئەوەش بەشێوەیەکی دادپەروەرانە و شەفاف و کارا و پلان بۆ داڕێژراو، کە ڕەنگدانەوەی ئەرێنی لەسەر بڵاوبوونەوەی خۆبەخشانەی یاسا داراییەکان و، پەسەندکردنی بنەمای کەسی شیاو لە شوێنی شیاو هەبێ، ئەمەش متمانەی هاوڵاتیان بە دەسەڵاتی گشتی مسۆگەر دەکات.
- پێویستە دەوڵەت پرەنسیپی بەشداریکردن لەگەڵ کەرتی تایبەت و دامەزراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە گەیشتن بە حوکمڕانی و جێبەجێکردنی پێداویستییەکانی پەرەپێدان و بونیادنانی میکانیزمى گونجاو بۆ بەدیهێنانیان بگرێتەبەر.
- دەبێ دەوڵەت ستراتیجی خۆی هەبێت لەبواری بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لەڕێگەی هاوتەریبکردنی ڕۆڵی دەوڵەت لەگەڵ تواناکانی، هەروەک کارکردن بۆ بەهێزکردنی توانا دامەزراوەییەکانی و، پێشکەشکردنی پاڵپشتی پێویست بۆ دڵنیابوون لەوەی کە ئەرکەکانی بەشێوەیەکی کارا و سەربەخۆ ئەنجام دەدات.
- هاندانی ڕاکێشانی توانا مرۆییە لێهاتووییە دیارەکان لە بواری زیرەکی دەستکرد، لەوانەش ڕاهێنەر و ڕاوێژکار و شارەزا بۆ دیزاینکردن و پەرەپێدان و ڕێکخستنی بەرنامە ئەلیکترۆنیەکان بە بەڕێوەبردنی بەشێوەیەکى گونجاو.
- بەڕێوەبردن و فرەچەشنی نەتەوەیی بە باشی یەکێکە لە پرەنسیپە گرنگەکانی حکومەتی باش، بەتایبەتی ئەو پرەنسیپانەی پەیوەستن بە بەشداریکردن و گەیشتن بە هاوئاهەنگی، کە لە هەموو بوارەکاندا ڕەنگدانەوەی هەبێ، بەتایبەتی لە ئابووری و ئەمنی و سیاسی.
- کارکردن بۆ پێداچونەوە بە پایەکانی پڕۆسەی سیاسی و ڕاستکردنەوەیان لە ڕێگەی هەموارکردنەوەی دەقە دەستوورییەکان و چارەسەرکردن و پڕکردنەوە بۆشایی و کەلێنەکان بە شێوەیەک کە یەکڕیزیی نیشتمانى بەدیبهێنێت.
- کارکردن لەسەر ڕێکارەکانی بەڕێوەچوونى سەرژمێرى گشتى دانیشتوان بۆ هەموو عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە، کە ئەوەش هاوکار دەبێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ناوچە کێشە لەسەرەکان، هەروەها هاوکار دەبێ لە دیاریکردنی بودجە.
- مافی هەرێمى کوردستانە بۆ ئەوەی دەستورێکی هەبێت، کە دامەزراوە و دەسەڵات و پرەنسیپە بنەڕەتییە پەسەندکراوەکانی لەخۆ بگرێت.
- دەرکردنی یاسای تایبەت؛ کە ئەگەری ئاراستەکردنی فەرمان لە دەسەڵاتی دادوەری کارگێڕیەوە بۆ ئەو ئیدارە لەخۆدەگرێت، کە جێبەجێکردنی بڕیارە دادوەرییەکان بەبێ دواکەوتن مسۆگەر دەکات.
- پێویستە یاساییەک هەبێ بۆ چارەسەرکردنى ئەو ناکۆکییانەی کە لە بازرگانیکردن بە دراوە ئەلیکترۆنیەکاندا سەرهەڵدەدەن، هەروەها بۆ ڕێکخستنی ناکۆکییە یاساییەکانی و دابینکردنی گەرەنتی پاراستنی تایبەت بۆ مافەکانی بەکارهێنەران گرنگە، لەهەمان کاتدا دەرئەنجامە یاساییەکان کە لە ئەنجامی بازرگانیکردنیانەوە سەرهەڵدەدەن، ڕووندەکاتەوە.
- کۆنفرانس داوا لە یاسادانەر دەکات، یاسایەک دەربکات بۆ ڕێگریکردن لە ئازادکردنی ئەو کەسانە تۆمەتبارن بە تاوانی بەرتیل و گەندەڵی بە بڕی 10,000,000 دینار زیاتر نەبێت، جا چ لە قۆناغى لێکۆڵینەوە بێت یان دادگاییکردن، تا بڕیاری کۆتایی لە دۆسیەکەدا دەردەچێت .
- گرنگیدان بە گەندەڵی سیاسی لە لوتکەی هەرەمەکەدا، بەو پێیەی پەیوەندی بە نوخبە و دەسەڵاتی سیاسییەوە هەیە، کە ترسناکترین و زیانبەخشترین گەندەڵییە.
- پێویستی پابەندبوون بە کۆمپانیا بازرگانیەکان بە پەیڕەوی ناوخۆی حوکمڕانییەوە، چونکە ڕەنگدانەوەی لەسەر پێگەی دارایی و گەشەپێدانیان هەیە و پێگەی ڕکابەرییان لە کەرتی بازرگانیدا بەرز دەکاتەوە.
- کۆنفرانس پێشنیار بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات، چەمکی حوکمڕانی باش پێناسە بکات، بناغە و ناوەڕۆکەکانی چەسپێنێت، پشتگیری لە جێبەجێکردنی لەلایەن وڵاتانەوە بکات، هاوکاری و هەماهەنگیی شارەزاییان بەرز بکاتەوە، ستراتیژیەتێک دابڕێژێت بۆ ئەوەی بەرنامەکانی حوکمڕانی باش و دژە گەندەڵی بە شێوازێکی پراکتیکی و واقیعی بخاتە بواری جێبەجێکردنەوە.
- پەسەندکردنی حوکمڕانی ژینگەیی کە ئامانجی پاراستن و پارێزگاریکردنى ژینگەیە، پلاندانانی شوێن، بەکارهێنانی زەوی، بەڕێوەبردنی بەردەوامی سامانە سروشتییەکان و پاراستنی تەندروستی مرۆڤە، بەهۆی ئەو بەها ناوەکییەی کە ژینگە نوێنەرایەتی دەکات، هەروەها دامەزراندنی بناغەی عەقڵانی بۆ بەردەوامیی بەڕێوەبردنی سەرچاوەکان بۆ سوودی مرۆڤ و، کەمکردنەوەی مەترسییە ڕاستەوخۆکان یان کاریگەری درێژخایەنەکانى لەسەر تەندروستی و خۆشگوزەرانی مرۆڤ.
- پاڵپشتیکردنی پێداویستییە ڕەواکانی حکومەت لە ڕێگەی پەرەپێدانی هۆشیاریی سیاسی و ئابووری، پێشکەوتنی زانستی، پاراستنی ئاشتی کۆمەڵایەتی، پاراستنی ئازادییەکان و مافەکانی مرۆڤ لەناو دەوڵەتدا، ئەوەش بە پابەندبوون بە یاسای نێودەوڵەتیەکانى مافی مرۆڤ و، دابینکردنی ئامرازەکان بۆ کۆتاییهێنان بە پێشێلکارییەکانی، هەروەها ئامرازی سەرکەوتن بۆ ئەو قوربانیانەی کە مافی مرۆڤیان پێشێل کراوە.
- گرتنەبەری ڕێوشوێنی ستراتیژی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئاستەنگەکانی جیهانگیری، لەوانە پێشخستنی هەمەچەشنی ئابووری، پشتگیریکردنی کەرتەکانی نا نەوتى، باشترکردنی ژێرخانی ئابووری و، بەرزکردنەوەی بەردەوامیی ئابووری بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییە نەرێنییەکانی جیهانگیری ئابووری.
- پێویستی تەوافوقی سیاسی لە قۆناغی دوای گۆڕانکاریی هەمەلایەنەدا، بەڵام نابێت لە پرەنسیپ و ئامانجەکانی پرەنسیپەکانی حوکمڕانى باش تێپەڕێت. پاشان دەبێت ڕۆڵی بەتەواوی کۆتایی پێبێت، میکانیزمە دیموکراسیەکان جێگەیان بگرنەوە، سەرکردایەتی سیاسیش دەبێ پشت بە براوەی یەکەمی هەڵبژاردن بۆ حکومڕانى ببەستێ.
- پێویستی پێداچوونەوەی وەرزی بۆ دڵنیابوون لە پەرەپێدانی چوارچێوە یاساییەکان هەبێ، بەشێوەیەک لەگەڵ پێشکەوتنە خێراکانی تەکنەلۆژیای زیرەکی دەستکرد هاوتەریب بێ، هەروەها نابێ دامەزراوە توێژینەوەکان ڕێگە بدرێ پشت بە زیرەکی دەستکرد ببەسترێ بۆ پێشکەشکردنی بەرهەمی توێژینەوە و کتێب.
- پێشنیار دەکەین یاسادانەری عێراق دەقی یاسایی زیاد بکات بۆ یاسای دادوەری تاوانەکان بۆ ڕادەستکردنەوە و وەرگرتنەوەی تاوانباران، هەروەها بڕگەی تایبەت بۆ وەرگرتنەوەی پارە دابنێت، بەو پێیەی یاساکە میکانیزمێکی نییە کە لە ڕێگەیەوە پارە وەربگیرێتەوە.
- داوا لە یاسادانەری دەستووری دەکەین سیستمێکی یاسایی بۆ پێکهێنانی وەزیران دابمەزرێنێت کە میکانیزمی هەڵبژاردنیان دیاری بکات، لەگەڵ دیاریکردنى ئەو مەرجانەی کە دەبێت بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستانە جێبەجێ بکرێن، لەگەڵ جێبەجێکردنی ئەو دەقە دەستوورییەی کە ئازادیی ڕەهای بە سەرۆک وەزیران بۆ هەڵبژاردنی ئەندامانی وەزارەتەکەی و دەرکردنى ئەوانەى کەمتەرخەمن بەخشیوە.
- هاندان و بەخشینی وەبەرهێنانە لە بواری وزەی نوێبووەوە، کە پێویستە ئاسانکاری پێویست بۆ سەرکەوتنیان و دابینکردنی ژێرخانی پتەو و پشتگیریکردنیان بکرێ، ئەوەش بە یاسای گونجاو.
لە بڕگەی کۆتایی کۆنفرانسەکەدا، پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر و، سەرۆکى زانکۆى جەدارا سوپاس و پێزانینى پێشکەش بە قسەکارانى سەرەکى کۆنفرانس کرد، لەگەڵ دابەشکردنى بڕوانامەى بەشداربوون بەسەر توێژەران و ئامادەکارانى کۆنفرانسەکە. بەو شێوەیە زانکۆى جیهان-هەولێر بەهاوبەشى زانکۆى جەدرا لە ئوردون کۆتاییان بەکارەکانى (چوارەمین کۆنفرانسى نێودەوڵەتى یاسا و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان) هێنا، واش بڕیارە ئەنجام و دەرئەنجام و پێشنیازەکانى کۆنفرانس بەمەبەستى جێبەجێکردنى بەرز بکرێتەوە بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان.