لە زانکۆی جیهان-هەولێر وۆرکشۆپێکی نێودەوڵەتی لەبارەى ڕۆڵی ژیریی دەستکرد لە سیستمە تەندروستی و تاقیگەییەکاندا بەڕێوەچوو
بە چاودێری و ئامادەبوونى پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ، سەرۆکی زانکۆی جیهان-هەولێر، هەردوو بەشی “شیکاریی تاقیگەیی پزیشکی” و ” پەرستارى تەندروستیی کۆمەڵ”، ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی (٢٠ی ئایاری ٢٠٢٦)، وۆرکشۆپێکی نێودەوڵەتییان بە ناونیشانی “ژیریی دەستکرد لە سیستمە مۆدێرنەکانی تەندروستی و تاقیگەیی” لە هۆڵی VIPی زانکۆ بەڕێوەبرد.
هەر لەو وۆرکشۆپەدا، کە یاریدەدەرانى سەرۆکى زانکۆ و ڕاگر و سەرۆک بەش و ژمارەیەکى زۆرى مامۆستایان ئاماددەیبوون، سەرەتا پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر وتارێکی پێشکەشکرد و تێیدا جەختی لەسەر پێگەی پێشەنگی زانکۆى جیهان-هەولێر لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان کردەوە و ڕایگەیاند: “ئێمە یەکەمین زانکۆ بووین لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمى کوردستان کە وانەی ژیریی دەستکردمان (AI) لە قۆناغی یەکەمەوە و بە شێوەیەکی پراکتیکی بۆ فێرخوازان جێگیر کردووە”. لەبارەى وۆرکشۆپەکەش سەرۆکى زانکۆی جیهان-هەولێر وتى: کارەکانمان تەنها لە چوارچێوەی ئەکادیمیدا نامێنێتەوە، بەڵکو هەوڵ دەدەن دەرەنجامی ئەم ۆرکشۆپانە وەک پڕۆژەیەکى پراکتیکى لەگەڵ دامەزراوەکانی دەرەوەی زانکۆ فۆرمەڵەى بکەن.
پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ ئاشکراشی کرد کە لە چوارچێوەی پەرەپێدانی تەکنەلۆژیدا، زانکۆى جیهان-هەولێر ئەمساڵ دوو ڕۆبۆتی پێشکەوتوو بۆ بەشەکانی “ئەندازیاریی پرۆگرامسازی وئينفۆرماتيك ” و “زانستی کۆمپیوتەر” دابین دەکات، هاوکات ئاماژەی بەوە کرد کە کردنەوەی یەکەمین بەشی (Cyber Security) و (AI) لە لایەن هەنگاوێکی دووربینانە بووە، چونکە لە داهاتوویەکی نزیکدا دامەزراوە حکومییەکانی وەک وەزارەتی ناوخۆ پێویستییەکی زۆریان بەم بوارە دەبێت. هەر لە وتارەکەیدا سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر جەختی لەوە کردەوە کە ئامانجی سەرەکی و کۆتایی زانکۆکەمان “فێرخوازان”ن و پێویستە ئەم پێشکەوتنانە ڕەنگدانەوەی ڕاستەوخۆیان لەسەر ئاستی زانستیی فێرخوازان هەبێت. هەروەها ئاماژەی بە بەشداریی زانکۆ کرد لە کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی (University Leaders) لە وڵاتی پۆڵەندا لە مانگی داهاتوودا، کە تێیدا باسی بەکارهێنانی AI لە بەڕێوەبردنی کارگێڕی و ئەکادیمیی زانکۆکاندا دەکرێت.
و دواتر چەند پسپۆڕییەکى ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بابەتەکانیان پێشکەش کرد. لە تەوەرەی یەکەمدا، مامۆستای یاریدەدەر (سالی خەلیل باقر) لە زانکۆى جیهان-هەولێر تیشکی خستە سەر گۆڕانکارییەکانی کاری تاقیگەیی لە ڕێگەی ژیریی دەستکردەوە. پاشان لە تەوەرێکی زانستیی گرنگدا، پسپۆڕ و شارەزای بواری تەکنەلۆژیای پزیشکی لە وڵاتی چین لیزی لۆ (Lizzy Lv)، بەڕێوەبەری بەرهەم لە کۆمپانیای ( Snibe)، بابەتێکی پراکتیکی دەربارەی “ژیریی دەستکرد لە پەرەپێدانی ئامێرە تاقیگەییەکان” پێشکەش کرد. لەو چوارچێوەیەدا بە وردی شیکردنەوەی بۆ سیستمە ئۆتۆماتیکییەکانی وەک ( (Snibe Xlabو (T8) کرد، کە چۆن دەبنە هۆی بەدەستهێنانی ئەنجامی وردتر و کەمکردنەوەی هەڵەی مرۆیی لە تاقیگەکاندا.
لە بەشێکی دیکەی وۆرکشۆپەکەدا، (دکتۆر فیراس ئیسماعیل) باسی لە ڕۆڵی ژیریی دەستکرد لە بەرزکردنەوەی ئاستی تەندروستیی کۆمەڵگە و ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکان کرد. چالاکییەکە بە گفتوگۆیەکی کراوە و ئاڵوگۆڕی بیروڕا لە نێوان مامۆستایان و فێرخوازان و میوانانی وۆرکشۆپەکە کۆتایی هات. ئەم هەماهەنگییە نێودەوڵەتییەی زانکۆی جیهان-هەولێر لەگەڵ ناوەندە تەکنەلۆژییە جیهانییەکانی وەک وڵاتی چین، هەنگاوێکی ستراتیژییە بۆ ئاشناکردنی فێرخوازان بە نوێترین داهێنانە زانستییەکان و ئامادەکردنیان بۆ بازاڕی کاری داهاتوو لەسەر بنەمای تەکنەلۆژیای زیرەک.







