
فێرخوازانی بەشی شیکاریی کیمیایی پزیشکی سەردانێکی زانستی بۆ تاقیگەی (Beta Laboratory) لە شاری هەولێر ئەنجام دەدەن
- Posted by University Press
- Date تشرینی دووەم 21, 2026
ڕۆژی پێنجشەممە، ڕێککەوتی 19/11/2026، فێرخوازانی قۆناغی سێیەم لە بەشی شیکاریی کیمیایی پزیشکی لە زانکۆی جیهان-هەولێر، بە سەرپەرشتیی مامۆستای یاریدەدەر عەبدوڵڵا جودەت ئەحمەد، سەردانێکی زانستییان بۆ تاقیگەی Beta Laboratory لە شاری هەولێر ئەنجام دا.
لە میانەی سەردانە زانستییەکەدا، فێرخوازان لەلایەن بەڕێز زینال عەزیز، بەرپرسی بەشی بایۆکیمیای تاقیگەکە، پێشوازییان لێکرا.
ئاشنابوون بە تەکنەلۆژیای پێشکەوتووی پشکنینی پزیشکی:
لە بەشێک لە چالاکییەکەدا، شیکردنەوەیەکی ورد دەربارەی شێوازی کارکردن لە بەشی بایۆکیمیا، پرەنسیپەکانی پشکنینی پزیشکی و، ڕۆڵی تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو لە دەستنیشانکردن و هەڵسەنگاندنی دۆخە تەندروستییەکان پێشکەش بە فێرخوازان کرا. پاشان فێرخوازان بە شێوەیەکی کرداری ئاشنای ئامێرە پێشکەوتووەکانی پشکنین بوون، لەوانە Cobas 11، Cobas 411 و Malgumi 800، و چۆنیەتیی کارکردن بە ئامێرەکان و، ڕێکارە نوێ و ئۆتۆماتیکییەکانی ئەنجامدانی پشکنینە پزیشکییەکان لە نزیکەوەیان بینی.
ئاشنابوون بە پشکنینە پزیشکییە جیاوازەکان و شێوازی شیکردنەوەی سامپڵ:
لە بەشێکی دیکەی سەردانەکەدا، فێرخوازان بە شێوەیەکی کرداری ئاشنای چەندین پشکنینی پزیشکی بوون، لەوانە پشکنینی خوێنی تەواو (CBC)، پشکنینی PT، PTT و INR، پشکنینی GuE، SFA، پشکنینی Urea Breath Test و، پشکنینە گشتییەکانی دیکە. هەروەها چۆنیەتی ئەنجامدانی پشکنینەکان لەسەر سامپڵە جیاوازەکانی وەک خوێن، سیرەم، پلازما، میز و، پیسایی بە بەکارهێنانی ئامێر و، ڕێکارە کانی تاقیگە پزیشکی بۆ فێرخوازان ڕوون کرایەوە.
ئەنجامی سەردانە زانستییەکە:
سەردانە زانستییەکە بە ئەنجامدانی گفتوگۆ و، پرسیار و وەڵام لەنێوان فێرخوازان و، ستافی تاقیگەکە کۆتایی پێهات، کە تێیدا فێرخوازان دەرفەتیان هەبوو پرسیارە زانستییەکانیان دەربارەی ئامێرەکان، ڕێکارەکانی پشکنین و، شێوازی کارکردن لە تاقیگەکەدا بخەنەڕوو و، وەڵامی پسپۆڕانە وەربگرن.
لە کۆتاییدا، مامۆستای یاریدەدەر عەبدوڵڵا جودەت ئەحمەد سوپاسی بەڕێز زینال عەزیز، بەرپرسی بەشی بایۆکیمیا و، کارگێڕی Beta Laboratory کرد، لە بەرامبەر پێشوازیی گەرم، کارئاسانی و، بەشداریکردنیان لە ئاشناکردنی فێرخوازان بە ئامێرە پێشکەوتووەکان، ڕێکارە پشکنینییە پزیشکییەکان و، ژینگەی کارکردنی تاقیگە پزیشکی.



