
فێرخوازانی بەشی پەرستاری تەندروستی کۆمەڵ ڕاهێنان لەسەر چۆنیەتى پشکنینى تەندروستى و تۆمارکردنى مەترسیەکان دەکەن
- Posted by University Press
- Date تشرینی دووەم 21, 2026
لە ماوەی نێوان 14 تا 18ی تشرینی دووەمی 2026، فێرخوازانی قۆناغی چوارەم لە بەشی پەرستاری تەندروستی کۆمەڵ لە زانکۆی جیهان-هەولێر، بە سەرپەرشتیی دکتۆر فیراس ئیسماعیل مستەفا، سەردانێکی زانستییان بۆ قوتابخانەی جیهانی بنەڕەتی ئەنجام دا و، بەشێوەیەکى کردارى پشکنینی تەندروستی بۆ بەشە جیاوازەکانى قوتابخانەکە ئەنجامدا و، ڕاهێنانیان لەسەر تۆمارکردنی مەترسییەکان کرد.
لە کاتی گەیشتنیاندا، فێرخوازان سەرەتا لەلایەن مەحموود عیماد محەممەد بەڕێوەبەری قوتابخانە، پێشوازییەکی گەرمیان لێ کرا. لە وتەیەکى کورتدا جەختی لەسەر گرنگیی ئەم چالاکییە زانستییانە کردەوە لە بەرزکردنەوەی ئاستى هۆشیاریی تەندروستیی قوتابخانە و، پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان دامەزراوە پەروەردەیییەکاندا.
ئەنجامدانی گەشتی پشکنینی تەندروستی:
لە سەرەتاى چالاکیەکەدا، فێرخوازان دابەشى پێنج گرووپى جیاواز کران تا ئەزموونی کرداری لە ئەنجامدانی پشکنینی تەندروستیی قوتابخانەدا بەدەست بهێنن. پاشان بە هەماهەنگی لەگەڵ کارگێڕیی قوتابخانەکە و، ستافی پەرستاری، فێرخوازان پشکنینیان بۆ بەشە جیاوازەکانی قوتابخانەکەی ئەنجامدا، لەوانە پۆلەکانی خوێندن، تەوالێتەکان، ڕێڕەوەکان، چێشتخانەی قوتابخانە و، گۆڕەپانە تەرخانکراوەکان بۆ چالاکی و، یاریکردن.
ڕاهێنان لەسەر تۆمارکردنی مەترسییەکان:
لە میانەى پڕۆسەکانی پشکنیندا فێرخوازان تیشکیان خستە سەر دەستنیشانکردنی مەترسییە فیزیایی، بایۆلۆژی و، کیمیایییە پێشبینیکراوەکان، هاوکات فێرخوازان هەڵسەنگاندنیان بۆ ئاستی پاکوخاوێنیی گشتی و، مەرجە تەندروستییەکان کرد و، پێداچوونەوەیان بە میکانیزمەکانی بەڕێوەبردنی پاشماوەکان، پشکنینی ئامێرەکانی سەلامەتی و، خۆپاراستن لە ئاگرکەوتنەوە کرد، ئەوە سەرەڕای هەڵسەنگاندنی ڕێکارەکانی خۆپاراستن لە پەتا و، بەرەنگاربوونەوەیان.
هەروەها فێرخوازان ڕاهێنانیان لەسەر دۆکیومێنتکردنی مەترسییە تەندروستییە پێشبینیکراوەکان و، ئامادەکردنی ڕاپۆرتی تایبەت بە بەکارهێنانی فۆرمی پشکنینی ڕێکخراو ئەنجامدا.
پشکنینى بەردەوام
لە چوارچێوەی سەردانەکەدا، پەرستاری قوتابخانەکە ڕوونکردنەوەیەکی وردی دەربارەی ئەرک و، بەرپرسیارێتییەکانی پێشکەش بە فێرخوازان کرد و، ئاماژەى پاراستنی ژینگەیەکی سەلامەت و، تەندروست لە قوتابخانەدا کرد، کە بریتین لە ئەنجامدانی پشکنینە تەندروستییە ڕۆژانەکان، مامەڵەکردن لەگەڵ ڕووداو و، حاڵەتە نەخۆشییەکان، پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکانی چاودێریی تەندروستیی سەرەتایی و، سەرپەرشتیکردنی پاکوخاوێنی و، سەلامەتیی خۆراک.
ڕاهێنانى پراکتیکى:
ئەم سەردانە زانستییە دەرفەتێکی بەنرخی بە فێرخوازان بەخشی بۆ جێبەجێکردنی زانیارییە تیۆرییەکانیان لە ژینگەیەکی پەروەردەییی ڕاستەقینەدا و، بەرزکردنەوەی لێهاتووییە کردارییەکانیان لە بواری پشکنینی تەندروستیی قوتابخانە، دۆزینەوەی مەترسییە تەندروستییەکان و، جێبەجێکردنی ڕێکارەکانی خۆپاراستن و، چاودێریی تەندروستی، بۆ ئەوەش مامۆستاى سەرپەرشتیار سوپاسی مەحموود عیماد محەممەد بەڕێوەبەری قوتابخانە و، ستافی قوتابخانەی جیهانی بنەڕەتی کرد لە بەرامبەر پێشوازیی گەرم و، هاوکارییەکانیان.



