
بەشی پەرستاری تەندروستی کۆمەڵ خولێکى دیکەى ڕاهێنانیان بۆ فێرخوازانی بەشی مامانی لە زانکۆى پۆلیتەکنیکى هەولێر کردەوە
- Posted by University Press
- Date تشرینی دووەم 21, 2026
لە ماوەی نێوان 17 تا 19ی تشرینی دووەمی 2026، سەرۆکایەتى بەشی پەرستاری تەندروستی کۆمەڵ لە زانکۆی جیهان-هەولێر خولێکى دیکەى ڕاهێنانی سێ ڕۆژەی بۆ پەرەپێدانی لێهاتووییە کلینیکییەکانی فێرخوازانی قۆناغی دووەم لە بەشی مامانی پەیمانگەی پزیشکى هەولێر ڕێک خست.
خولەکە بە سەرپەرشتیی پڕۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر زەین فەتحوڵڵا زیفنکی سەرۆکی بەشی پەرستاری تەندروستیی کۆمەڵ بەڕێوە چوو.
بەرنامە مەشقییەکە زنجیرەیەک وانەی زانستی و، دانیشتنی کرداریی لەخۆ گرتبوو، کە لەلایەن هەریەک لە مامۆستای یاریدەدەر باران جومعە هەڵگری بڕوانامەی ماستەر لە پەرستاریی دایکایەتی و، مامۆستای یاریدەدەر کەوسەر شەهاب هەڵگری بڕوانامەی ماستەر لە زانستەکانی مامانی، لە ستافی وانەبێژانی بەشی پەرستاری تەندروستی کۆمەڵ پێشکەش کران.
چاودێریی دایکایەتی:
لە ڕۆژی یەکەمدا، کە ڕێککەوتی 17ی تشرینی دووەم بەڕێوەچوو، هەریەک لە مامۆستای یاریدەدەر باران جومعە و، مامۆستای یاریدەدەر کەوسەر شەهاب باسیان لە چاودێریکردنی دایک و، کارەکانی مامانی کرد، بۆ ئەوەش باران جومعە تیشکی خستە سەر لایەنە سەرەکییەکانی پەرستاریی دایکایەتی، لەوانە هەڵسەنگاندنی باری تەندروستی دایک، ئامادەکردنی بۆ منداڵبوون و، ڕێکارە پەرستارییە پێویستەکان لە کاتی پڕۆسەی منداڵبووندا.
لای خۆیەوە، کەوسەر شەهاب باسی لە ڕێکارە سەرەکییەکان لە بواری مامانیدا کرد، بە جەختکردنەوە لەسەر سەلامەتیی دایک، ئامادەکاری بۆ ڕاهێنانە کلینیکییەکان و، گرنگیی پێشکەشکردنی چاودێریی گونجاو لە هەردوو قۆناغی ژانگرتن و، منداڵبووندا، لەگەڵ پێشکەشکردنی شیکردنەوەی تیۆری و، جێبەجێکردنی کرداری.
ئامادەکاری بۆ منداڵبوون:
لە ڕۆژی دووەمدا، کە ڕێککەوتی 18ی تشرینی دووەم بەڕێوەچوو، کەوسەر شەهاب بەشێوەیەکى کرداریی باسى لە ئامادەکاری بۆ ژانگرتن و، منداڵبوون پێشکەش بە فێرخوازان کرد، کە تێیدا هەنگاوە سەرەکییەکانی ئامادەکردنی دایک بۆ منداڵبوون، ئامادەکردن و، ڕێکخستنی ژووری منداڵبوون و، ڕێکارە کلینیکییە سەرەکییەکانی پەیوەست بە پڕۆسەی ژانگرتن و، منداڵبوونی تاوتوێ کرد.
لە هەمان چوارچێوەدا، باران جومعە تیشکی خستە سەر لایەنە گرنگەکانی چاودێریی پەرستاری بۆ دایک، لەوانە چاودێریکردنی نیشانە زیندەیییەکان، هەڵسەنگاندنی باری تەندروستیی دایک لە کاتی ژانگرتندا، جێبەجێکردنی ڕێکارەکانی خۆپاراستن لە پەتا و، پێشکەشکردنی پاڵپشتیی پەرستاریی گونجاو لە ماوەی پڕۆسەی منداڵبووندا.
ڕێکارە کلینیکییە تایبەتمەندەکان:
لە ڕۆژی سێیەمدا، کە ڕێککەوتی 19ی تشرینی دووەم بەڕێوەچوو، تیایدا تیشک خرایە سەر سۆندەی میز، برینداربوونی ناوچەی عەجان، بڕینی عەجان و، تەکنیکەکانی دوورینەوەی نەشتەرگەری. بۆ ئەوەش باران جومعە بەشێوەیەکى تیۆری و، کرداریی ڕاهێنانى بە فێرخوازان لەبارەى سۆندەی میز و، ڕێکارە کلینیکییە پەیوەندیدارەکان کرد و، بنەما سەرەکییەکان و، هۆکارەکانی بەکارهێنانی سۆندەی میزی شیکردەوە، لەگەڵ نمایشکردنی کرداریی شێوازی دانانی سۆندەی فۆلی، شیکردنەوەی ڕێکارەکانی خۆپاراستن لە پەتا، چۆنیەتیی کۆکردنەوەی نموونەی میز لە ڕێگەی سۆندەوە و، ئەنجامدانی شوشتنی میزڵدان.
تەکنیکەکانی دوورینەوەی نەشتەرگەری:
لە بەشێکى دیکەى چالاکیەکانى ڕۆژى سێیەمى خولەکەدا، کەوسەر شەهاب باسى لە برینداربوونی ناوچەی عەجان، بڕینی عەجان و، تەکنیکەکانی دوورینەوەی نەشتەرگەری پێشکەش بە فێرخوازان کرد، کە تێیدا پێناسە، جۆر و، پۆلێنکردنەکانی برینداربوونی عەجان و، هۆکار و، جۆرە جیاوازەکانی بڕینی عەجانی شیکردەوە، هەروەها ڕوونکردنەوەیەکی کرداریی دەربارەی تەکنیکەکانی دوورینەوەی نەشتەرگەری و، بنەماکانی چاودێریی دوای ڕێکارەکە پێشکەش کرد بۆ خۆپاراستن لە ماکەکان و، خێراکردنی چاکبوونەوەی دایک.
بەشدارى کاراى فێرخوازان:
لە میانەى بەڕێوەچوونى هەر سێ ڕۆژى خولەکەدا فێرخوازانى بەشى مامانى بەشدارییەکی کارایان لە وانە کردارییەکانى خولەکەدا کرد و، گفتوگۆیان لەبارەى بابەتە جیاوازەکانى خولەکەشدا کرد.



