
گرووپێک لە فێرخوازانی بەشی پەرستاری تەندروستی کۆمەڵ چالاکیەکى تایبەت بە شێوازە دروستەکەی دەستشوشتن لە قوتابخانەی دابانی بنەڕەتی ئەنجامدا
- Posted by University Press
- Date تشرینی دووەم 21, 2026
ڕۆژی چوارشەممە ڕێککەوتی 18/11/2026، گرووپێک لە فێرخوازانی بەشی پەرستاری تەندروستی کۆمەڵ لە زانکۆی جیهان-هەولێر سیمینارێکی تەندروستیی هۆشیارکردنەوەیان بە ناونیشانی «دەستشوشتن بە شێوازە دروستەکەی» لە قوتابخانەی دابانی بنەڕەتی ساز کرد.
لە کاتی گەیشتنیان بۆ قوتابخانەکە، فێرخوازە بەشداربووەکان لەلایەن زەردەشت شکور بەڕێوەبەری قوتابخانەکە و، مامۆستا زینە سەمەد و، مامۆستا ئەژین نەوزادەوە پێشوازییەکی گەرمیان لێ کرا، کە بەشدارییان کرد لە ڕێکخستن و، کارئاسانیکردن بۆ جێبەجێکردنی بڕگەکانی دانیشتنە هۆشیارکردنەوەکە.
سنووردارکردنى گواستنەوەى میکرۆب:
سیمینارەکە بە زنجیرەیەک نمایشى هۆشیارکردنەوە و، جێبەجێکردنی لایەنى کرداریی لەخۆ گرتبوو، کە گرنگیی دەستشوشتن بە شێوازە دروستەکەی و، ڕۆڵی لە سنووردارکردنی گواستنەوەی میکرۆب و، نەخۆشییە گوازراوەکاندا لە خۆگرتبوو.
گرنگى دەستشوشتنى بەردەوام:
لەو چوارچێوەیەدا؛ سەحەر فورسەت چالاکییەکەی بە شیکردنەوەی گرنگیی دەستشوشتنی بەردەوام لە پاراستنی تاکەکان لە میکرۆب، بەکتریا و، نەخۆشییە گوازراوەکان دەست پێ کرد و، جەختی لەسەر ڕۆڵە سەرەکییەکەی لە پاراستنی پاکوخاوێنیی کەسی و، تەندروستیی گشتیدا کردەوە.
هەنگاوە دروستەکانى دەستشوشتن:
لەلایەکى دیکەوە؛ موبینا شاخەوان نمایشێکی کرداریی دەربارەى هەنگاوە دروستەکانی دەستشوشتن پێشکەش کرد، هەر لە تەڕکردنی دەستەکان بە ئاو و، بەکارهێنانی سابوون تا دەگاتە لێخشاندنی لەپی دەستەکان و، پاککردنەوەی نێوان پەنجەکان و، سەری پەنجەکان.
کاتەکانى دەستشوشتن:
هەر لە درێژەى سمینارەکەیاندا؛ ڕووناک هونەر تیشکی خستە سەر کاتە پێویستەکانی دەستشوشتن، بەتایبەت پێش نانخواردن، دوای بەکارهێنانی توالێت و، دوای یاریکردن و، گرنگیی پابەندبوون بەم ڕەفتارانەی بۆ کەمکردنەوەی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە گوازراوەکان ڕوون کردەوە.
چۆنیەتى دەستشوشتن:
لە بەشێکى دیکەى سمینارەکەدا سومەیە کەمال نمایشێکی کرداریی دەربارەی چۆنیەتیی دەستشوشتنی کاریگەر بە بەکارهێنانی ئاوی پاک و، سابوون پێشکەش کرد، لەگەڵ جەختکردنەوە لەسەر پێویستیی ئاوپێداکردنی باشی دەستەکان و، وشککردنەوەیان بە خاولییەکی پاک.
نمایشکردنی حەوت هەنگاوەکەی دەستشوشتن:
لە چوارچێوەی سیمینارەکەدا، فێرخوازانی زانکۆ حەوت هەنگاوە دروستەکەی دەستشوشتنیان خستە ڕوو و، ڕێنمایییان دەربارەی بەکارهێنانی دروستی سابوون، ئاوی پاک و، پاکژکەرەوەکانی دەست پێشکەش کرد، سەرەڕای گفتوگۆکردن دەربارەی ڕێکارە خۆپارێزییەکان کە بەشدارن لە کەمکردنەوەی گواستنەوەی میکرۆب و، نەخۆشییە گوازراوەکان لە ناو ژینگەی قوتابخانەدا.
چالاکییەکە بەشدارییەکی کارای قوتابییانی قوتابخانەکەی بەخۆوە بینی، کە دەرفەتیان بۆ ڕەخسا تەکنیکەکانی دەستشوشتن بە شێوەی کرداری جێبەجێ بکەن.
کۆتایی:
لە کۆتایی سیمینارەکەدا، جەخت لەسەر گرنگیی بەردەوامبوون لە دەستشوشتن و، پاراستنی پاکوخاوێنیی کەسی کرایەوە و، بۆ ئەوەش زەردەشت شکور بەڕێوەبەری قوتابخانەی دابانی بنەڕەتی سوپاس و دەستخۆشیان لە فێرخوازانى پەرستارى تەندروستى کۆمەڵ کرد.



