
فێرخوازانی بەشی ڕاگەیاندن خانەی بەساڵاچووان لە هەولێر بەسەردەكەنەوە
- Posted by University Press
- Date تشرینی دووەم 21, 2026
ڕۆژی پێنجشەممە رێككەوتی 19ـی تشرینی دووەمی 2026، ژمارەیەك لە فێرخوانی قۆناغەکانی یەکەم، دووەم و سێیەمی بەشی ڕاگەیاندن لە زانكۆی جیهان-هەولێر، بە سەرپەرشتیی مامۆستای یاریدەدەر (دڵان ئیسماعیل مەولوود)، سەردانێکیان بۆ خانەی بەساڵاچووانی هەولێر ئەنجام دا.
سەرەتا فێرخوازان لەلایەن ئاسۆ قادر، توێژەری کۆمەڵایەتی، بە گەرمی پێشوازییان لێکرا. لە وتەیەکیدا خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانەکەی فێرخوازانی بەشی ڕاگەیاندنی زانکۆی جیهان–هەولێر دەربڕی و، لە قسەکانیدا گرنگی ئەم جۆرە سەردانانەی لە ئاشناکردنی فێرخوازان بە شێوازی کارکردن و خزمەتگوزارییەکانی خانەکە و زیادکردنی هۆشیارییان دەربارەی چاودێری و خزمەتکردنی بەساڵاچووان خستەڕوو.
ئاشنابوون بە یاسا، ڕێنمایی و، شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ بەساڵاچووان:
دواتر، ئاسۆ قادر ڕوونکردنەوەی وردى لەبارەی ڕێنمایی و یاسا تایبەتەکانی خانەی بەساڵاچووان پێشکەش بە فێرخوازان کرد، ئینجا باسی شێوازی مامەڵەکردن و پەیوەندیکردنی لەگەڵ بەساڵاچووان و گرنگیی ڕەچاوکردنی ڕێز و مافەکانیان کرد. هەروەها ئامانجە مرۆیی و کۆمەڵایەتییەکانی ئەو خزمەتگوزارییانەی، کە خانەکە پێشکەشی بەساڵاچووانی دەکات، بۆ فێرخوازان ڕوون کردەوە.
بەسەرکردنەوەی بەشە جیاوازەکانی خانەی بەساڵاچووان:
لە بەشێکی دیکەی سەردانەکەدا، توێژەرى کۆمەڵایەتى لە خانەکە فێرخوازانی ڕێنمایی کرد و بەشە جیاوازەکانی خانەکەی پێ نیشان دان. لە ڕێگەی ئەم گەشتە مەیدانییەوە، فێرخوازان لە نزیکەوە لە شێوازی بەڕێوەبردنی خانەکە، چۆنیەتیی دابینکردنی پێداویستییە ڕۆژانەکانی بەساڵاچووان و جۆری خزمەتگوزارییەکانیان ئاگادار بوون.
You may also like


