
شاندی کەناڵی (DW)ى ئەڵمانی ژێرخانی زانکۆی جیهان-هەولێر بەسەردەکەنەوە و، ئاشناى تواناکانی بەشی ڕاگەیاندن دەبن
- Posted by University Press
- Date تشرینی دووەم 18, 2026
ڕۆژی سێشەممە ڕێککەوتی 17/11/2026، شاندێکی باڵای کەناڵی (DW)ی ئەڵمانی کرد، لە پەراوێزى سەردانەکەیان بۆ لاى پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر، بەشێوەیەکى مەیدانى ژێرخانى زانکۆى جیهان-هەولێریان بەسەرکردەوە و، لە نزیکەوە ئاشناى توانا میدیاییەکانى بەشى ڕاگەیاندن بوون.
شاندەکە پێکهاتبوو لە هەریەک لە محەممەد ئەلسەڕای، بەرپرسی جێبەجێکار لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و، باکووری ئەفریقا بۆ کەناڵی (DW)ی ئەڵمانی ، و، ماتیەس ستام، بەڕێوەبەری بەشی بەرنامەکانی کەناڵەکە.
بۆ ئەو مەبەستە شاندەکە بەشەکانی زانکۆی جیهان-هەولێریان بەسەرکردەوە و، لە نزیکەوە ئاشنای دامەزراوە و، تواناکانی زانکۆ بوون، هەروەها دەرفەتی سەردانیکردنی بەشی ڕاگەیاندنیان بۆ ڕەخسا کە ستۆدیۆ و ئامێر و، کەرەستەی تەکنیکیی پێشکەوتووی تێدایە، هاوکات ئاشناى هۆڵە تایبەتمەند و، تاقیگە میدیاییەکانى بەشەکە بوون.
لەم بارەیەوە، ماتیەس ستام، بەڕێوەبەری بەشی بەرنامەکانی کەناڵی (DW)ی ئەڵمانی ، سەرسامی زۆری خۆی بە ژێرخانی زانکۆی جیهان-هەولێر دەربڕی و، ئاماژەی بەوە دا ئەوەی بینیویەتی ڕەنگدانەوەی ئاستێکی ئەکادیمی و، تەکنیکی پێشکەوتووە، کە زانکۆ شایستە دەکات ببێتە هاوبەشێکی کارا لە پڕۆژە میدیایییە هاوبەشەکانیاندا.
لای خۆیەوە، مامۆستای یاریدەدەر ئازوەر مەهدی قاسم ئاغا، سەرۆکی بەشی ڕاگەیاندن لە زانکۆی جیهان-هەولێر، خۆشحاڵی خۆی بەم سەردانە دەربڕی و، جەختی لەوە کردەوە کە بەشەکە هەمیشە هەوڵ دەدات پردی هاوکاری لەگەڵ دامەزراوە میدیایییە نێودەوڵەتییە پێشەنگەکاندا دروست بکات و، کەناڵی (DW)ی ئەڵمانی نموونەیەکی پیشەیییە کە چاوی لێ دەکرێت لە دروستکردنی ناوەڕۆکی میدیایی ناوازەدا.
ئەم سەردانە لە چوارچێوەی گفتوگۆ بەردەوامەکانی نێوان هەردوولادا دێت بۆ تاوتوێکردنی میکانیزمەکانی هاوکاریی هاوبەش و، زەمینەسازیکردن بۆ واژۆکردنی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لە نێوان زانکۆی جیهان-هەولێر و، کەناڵی (DW)ی ئەڵمانی، کە لە ڕێگەیەوە ئاسۆیەکی فراوان دەکرێتەوە بۆ مەشق و، ڕاهێنانی میدیایی، ئاڵوگۆڕی ئەزموونەکان و، پەرەپێدانی ناوەڕۆکی ئەکادیمی و توێژینەوە.
You may also like
گروپێک لە فێرخوازانی بەشی ڕاگەیاندن پیشانگەیەكی هونەری لە شاری هەولێر بەسەر دەكەنەوە

