
فێرخوازانی بەشی ڕاگەیاندن باسێک لەبارەى چۆنیەتی بەکارهێنانی سۆشیال میدیا پێشکەش بە قوتابیانى قوتابخانەی سەربەستی دەکەن
- Posted by University Press
- Date تشرینی دووەم 21, 2026
ڕۆژی پێنجشەممە ڕێككەوتی 19ـی تشرینی دووەمی 2026، دوو فێرخوازی قۆناغی چوارەمی بەشی ڕاگەیاندن لە زانكۆی جیهان-هەولێر، بەسەرپەرشتیی مامۆستای یاریدەدەر دڵان ئیسماعیل مەولوود، سیمینارێکیان بەناونیشانی (چۆن سۆشیال میدیا بەکاربهێنین بۆ پەرەپێدانی تواناکانمان) پێشکەش بە قوتابیانی پۆلی دەیەمی ئامادەیی لە قوتابخانەی سەربەستی لە شاری هەولێر کرد، سەرەتاش لەلایەن (ڕۆزانە وریا قادر) مامۆستا لە قوتابخانەی سەربەستیی بە گەرمی پێشوازییان لێ كرا.
ڕۆڵی سۆشیال میدیا لە فێربوونی بەردەوام:
لە بەشی یەکەمی سیمینارەکەدا، فێرخواز (ژیلیا حاتەم) تیشکی خستە سەر ڕۆڵی سۆشیال میدیا لە فێربوونی بەردەوام و پەرەپێدانی تواناکانی تاک. ڕوونی کردەوە کە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەتوانن ببنە سەرچاوەیەکی گرنگ بۆ بەدەستهێنانی زانیاری و شارەزایی نوێ، بەتایبەتی کاتێک بە شێوەیەکی ئامانجدار بۆ فێربوون و بەدواداچوونی ناوەڕۆکی سوودبەخش بەکاربهێنرێن.
ڕۆڵی سۆشیال میدیا لە دروستکردنی ناسنامەی پیشەیی:
هەروەها ژیلیا حاتەم باسی گرنگیی درووستکردنی ناسنامەی پیشەیی کردەوە و ئاماژەی بەوە دا کە تاک دەتوانێت لە ڕێگەی ناوەڕۆک و چالاکییەکانی لەسەر ئەم پلاتفۆرمانەوە، تواناکان و شارەزاییەکانی بناسێنێت و وێنەیەکی ئەرێنیی خۆی پێشکەش بکات.
پەرەپێدانی براندی کەسی لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان:
دواتر، فێرخواز (زەهرا هۆشەنگ) درێژەی بە بابەتەکە دا و باسی پەیوەندیی نێوان ناسنامەی پیشەیی، براندی کەسی و پەرەپێدانی پەیوەندییەکان کرد. ڕوونی کردەوە کە کاتێک تاک تواناکان، ئارەزوو و بوارەکانی شارەزایی خۆی بە شێوەیەکی دروست لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەردەخات، دەتوانێت پەیوەندی لەگەڵ کەسانی خاوەن بەرژەوەندی و بوارە پیشەییە هاوبەشەکان درووست بکات.
ڕەخساندنی دەرفەتی کار لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان:
هەروەها زەهرا هۆشەنگ جەختی لەوە کردەوە کە بەکارهێنانی درووستی سۆشیال میدیا دەتوانێت ببێتە هۆی ناسین و دەستکەوتنی دەرفەتی کار و فراوانکردنی تۆڕی پەیوەندییەکان، کە ئەمەش لە داهاتووی پیشەیی قوتابیاندا گرنگییەکی تایبەتی هەیە.
گفتوگۆی کراوە و، ئاڵوگۆڕی سەرنجەکان لەگەڵ قوتابیان
لە بەشێکی دیکەی سیمینارەکەدا، قوتابیانی قوتابخانەکە پرسیار و سەرنجەکانی خۆیان ئاراستەی هەردوو فێرخواز (ژیلیا حاتەم و زەهرا هرشەنگ) کرد و، گفتوگۆیەکی کراوە لەبارەی چۆنیەتیی بەکارهێنانی سۆشیال میدیا بۆ فێربوون و پەرەپێدانی تواناکانی کەسی و پیشەییەكان ئەنجام درا.
لە کۆتایی چالاكییەكەدا، مامۆستای قوتابخانەکە، ڕۆزانە وریا قادر، سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ فێرخوازانی بەشی ڕاگەیاندن دەربڕی و دەستخۆشیی لەو دەستپێشخەرییە زانستییە كرد کە ئامانج لێی بەرزکردنەوەی ئاستی زانیاری و هۆشیاریی قوتابیانە.
فێرخوازانی بەشی ڕاگەیاندن خانەی بەساڵاچووان لە هەولێر بەسەردەكەنەوە
You may also like
فێرخوازانی بەشی ڕاگەیاندن خانەی بەساڵاچووان لە هەولێر بەسەردەكەنەوە

