بەشى کارگێڕى کار بەردەوامە لە گەیاندنى کۆمەک و هاوکارییەکان بەقوتابخانەى ئاوارەکان
لە چوارچێوەى کار و کۆمەک و هاوکاریکردنى ناوەندەکانى خوێندنى ئاوارە و لێقەوماوەکان، بەشى کارگێڕى کار کۆمەک و هاوکارییەکانى گەیاندنە قوتابخانەى نەصر لەگەڕەکى گوڵان.
ڕۆژى چوارشەممە ڕێکەوتى (٨/١٢/٢٠٢١) بەسەرپەرشتى دكتۆر قصى حەميد سلامى و، مامۆستاى یاریدەدەر محمد صابر جامى، فێرخوازانى قۆناغە جیاکانى بەشى کارگێڕى کار بۆ جارى دووەم سەردانى ئامادەیی نەصریان لەگەڕەکى گوڵانى شارى هەولێر کرد و، پێداویستیە سەرەکیەکانى بونیادنانەوەى ژێرخانى قوتابخانەکەیان گەیاندە دەستى بەڕێوەبەرى قوتابخانەکە.
لە میانەى سەردانەکەیاندا، مامۆستایان و فێرخوازانى بەشى کارگێڕى کار لەگەڵ مامۆستا دوعا قەحتان عەباس و یاریدەدەرەکەى گفتوگۆیان لەبارەى چۆنیەتى جێبەجێکردنى کارەکان کرد، هەروەک سەرجەم ئەو پێداویستیانەشیان ڕادەستکرد، کە وەک قۆناغى یەکەم پێویستن بۆ نۆژەنکردنەوەى قوتابخانەکە و هۆڵەکانى خوێندن بەتایبەت، هاوکات بەڕێوەبەر و یاریدەدەر قوتابخانەکە لیستى ئەو پێداویستیانەشیان پێشکەش بەمامۆستایانى بەشى کارگێڕى کار لە جیهان-هەولێر کرد، کە چەندین پێداویستى سەرەکى لەخۆگرتووە.
هاوکات هەردوولا لەسەر ئەوە ڕێکەوتن لەسەردانى داهاتوودا کار بکەن بۆ جێبەجێکردنى کاروبارەکانى نۆژەنکردنەوە و ڕێکخستنەوەى کاروبارەکانى قوتابخانەکە.