بەشى کۆمپیوتەر چالاکیەکى خۆبەخشى بۆ کۆکردنەوەى کۆمەک و هاوکارى بەڕێوەبرد
سەرۆکایەتى بەشى زانستى کۆمپیوتەر لە زانکۆى جیهان-هەولێر، لەبەر ڕۆشنایی سیاسەت و ستراتیجى زانکۆ بۆ خزمەتکردن بەچین و توێژە جیاکانى کۆمەڵگە، بەتایبەت ئەوانەى پێویستیان بەدەستگرتن و کۆمەک و هاوکارى هەیە، چالاکیەکى بەڕێوەبرد.
ڕۆژى پێنچ شەممە ڕێکەوتى (٢٣/١٢/٢٠٢١) بەسەرپەرشتى مامۆستا محەمەد باجەلان سەرۆکى بەشى زانستى کۆمپیوتەر، پڕۆفیسۆرى یاریدەدەر دکتۆر ریم جەعفەر بەهاوبەشى لەگەڵ فێرخوازانى بەشەکە، هەڵمەتێکى خۆبەخشیان ئەنجامدا، بەمەبەستى کۆکردنەوەى کۆمەک و هاوکارى بۆ ئەو کەسانەى لە کۆمەڵگە پێویستیان بەئاوەڕلێدانەوە هەیە.
لەو چوارچێوەى چالاکیەکەدا، فێرخوازان لەسەر ئەرکى خۆیان کۆمەڵێک خواردن و شیرینەمەنى جیاوازیان دروست کردبوو و، لە فیستڤاڵێکدا بەرهەمەکانیان فرۆشتەوە، داهاتى بەرهەمەکانیان کۆکردەوە و، پێشکەشى دەزگاى خێرخوازى بارزانیان کرد، تا پێشکەشى ئەو فێرخوازانەیان بکەن، کە پێویستیان بەهاوکارى و یارمەتیدان هەیە.
ئەو هەڵمەتیە خۆبەخشیە بووە جێگەى خۆشحاڵى و ڕەزامەندى فێرخوازان، چونکە بەهۆیەوە گیانى هاوکارى و هەماهەنگى و پشتیوانى لە نێوان فێرخوازان بەهێز کردەوە.