بەشی مایکرۆبایۆلۆجی پزیشکی ڕاهێنان لەسەر چۆنیەتى نوسینى توێژینەوەی زانستی بەفێرخوازانى دەکات
ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٦/١٠/٢٠٢٢ بەشی مایکرۆبایۆلۆجی پزیشکی چالاکیەکی زانستى بۆ فێرخوازەکانى ڕێکخست، کە تایبەت بوو لەسەر چۆنیەتی نووسینی توێژینەوەیەکی زانستی.
لەم چالاکییەدا، کە لەلایەن مامۆستاى یاریدەدەری مەروە مەحمود ئەحمەد سەرپەرشتی دەکرا، لە هۆڵى کتێبخانەى گشتى زانکۆ بەڕێوەچوو، فێرخوازانى قۆناغی دووەم بەشدارییان تێدا کرد، بۆ ئەوەش سەرەتا لەلایەن مامۆستاى سەرپەرشتیار کورتەیەک لەبارەى کتێبخانە و گرنگى بۆ توێژینەوەى زانستى بۆ فێرخوازان باسکرد، ئینجا باسى لە چۆنیەتى خواستنى کتێب لە کتێبخانە کرد، وتیشى پێویستە لە کاتى خواستنى کتێب و سەرچاوەى زانستى بەباشى پارێزگاریان لێبکرێ، تا لە داهاتودا فێرخوازان و توێژەران بتوانن سودیان لێ وەربگرن.
لە بەشێکى دیکەى چالاکیەکەدا، مامۆستاى سەرپەرشتیار هەنگاو بەهەنگاو باسى لە چۆنیەتى سوود وەرگرتن لە کتێب و سەرچاوە زانستیەکان کرد بۆ نووسینى توێژینەوەى زانستى، تەنانەت بۆ نوسینى ڕاپۆرت و ئامادەکردنى سمینار و هەر چالاکیەکى دیکەى زانستى لە زانکۆ، هیواشى خواست بەردەوام ڕوو لە کتێبخانە بکەن و سوود لە سەرچاوەکان وەربگرن.
له بەشى کۆتایى چالاکیەکەدا، فێرخوازان بەخستنهڕووی بۆچوون و بیرۆكه زانستییهكانیان و، چەند پرسیارێکى زانستى سەبارەت بەتوێژینەوەى زانستى و پۆلێنكردنی سهرچاوه زانستییهكان لەگەڵ مامۆستاى سەرپەرشتیار کەوتنە گفتوگۆ.