بەشی پەروەردەی گشتی زانکۆى جیهان-هەولێر و بەشى زمانی ئینگلیزی لە زانکۆى سەڵاحەددین پەیوەندییە زانستیەکانیان پتەوتر دەکەن
بۆ لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە کارى یەکیتر و، دروستکردنى پەیوەندى زانستى و ئاڵوگۆڕکردنى زانیارى (دکتۆر احمد عبد عون) سەرۆکی بەشی پەروەردەی گشتی و ستافى زانستى بەش، پێشوازیان لە مامۆستا (كاوە محمد قادر) سەرۆکى بەشی زمانی ئینگلیزی-کۆلێژی پەروەردەی بنەڕەتی لە زانکۆی سەڵاحەددین و فێرخوازانى قۆناغی چوارەمی بەشەکە کرد.
ڕۆژی سێ شەممە ڕێکەوتى 23/11/2021 لە هۆڵی کۆنفرانس لە زانکۆی جیهان-هەولێر شاندەکەى کۆلێژەى پەروەردەى بنەڕەت لەگەڵ مامۆستایان و فێرخوازانى بەشى پەروەردەى گشتى کۆبونەوە، لە کۆبونەوەکەدا جەخت لە ئاڵوگۆڕکردنی بیرۆکە و شارەزای نێوان فێرخوازانى هەردوو بەش کرایەوە.
هەر لە میانەى سەردانەکەداو دوای ناساندی بەشی پەروەردەی گشتی بە ئامادەبووان، فێرخوازانى هەردوو بەش خۆیان بەیەکتر ناساندن و، باسی خوێندنی بەشەکانیان کرد. دواتر پانێلێک لەلایەن فێرخوازانى هەردوو بەش پێشکەشکرا، کە تیایدا مامۆستا کاوە محمد باسی لە گرنگی زمانی ئینگلیزی لە بوارى پەروەردە و فێرکردن کرد، لەگەڵ پێشکەشکردنی چەند ئامۆژگاری و ڕێنماییەک بۆ فێرخوازان لەپێناو بەردەوامیدان بە گەشەپێدانی کارامەییان.
لە وێستگەیەکى دیکەى سەردانەکەیاندا، فێرخوازانى میوان هاوڕێ لەگەڵ مامۆستا و فێرخوازانى بەشى پەروەردەى گشتى گەشتەکیان بەناو کەمپى زانکۆ کرد بۆ زیاتر ئاشنابوونیان بە شوێن و بەشەکانی زانکۆ. لە کۆتاییدا شاندى میوان سوپاسی پێزانینى خۆیان پێشکەش بە سەرۆکایەتی بەش و ستافی مامۆستایانى بەشى پەروەردەى گشتى کرد.