فێرخوازانى بەشى کارگێڕى کار سەردانى کۆمپانیایەکى گەیاندن دەکەن
سەرۆکایەتى بەشى کارگێڕى کار لە زانکۆى جیهان-هەولێر بەردەوامە لە ڕێکخستنى گەشتى زانستى بۆ فێرخوازانى بەشەکەى لە قۆناغە جیاکان، لەو چوارچێوەیەدا ڕۆژى سێشەممە ڕێکەوتى (٢٣/١١/٢٠٢١) بەسەرپەرشتى دکتۆر قوسەى حەمید سەلامى و، مامۆستاى یاریدەدەر بوشرى عەلى زەینەڵ سەردانى کۆمپانیاى کۆڕک تیلیکۆم بۆ گەیاندنیان کرد.
دواى پێشوازیکردنیان، لەلایەن مازن سیروان سابر بەڕێوەبەرى بەبازاڕکردن لە کۆمپانیاەکە ستراتیژییەتى چۆنیەتى بەبازاڕکردنى کار و بەرهەمەکانیان بۆ فێرخوازان ڕونکردەوە، هەروەک باسى هەڵمەتەکانى بەبازاڕکردن بەپێى ناوچەکان و بەربڵاوى بەکارهێنەرانى بەشداربووان کرد، لە بەشێکى دیکەى قسەکانیدا بەڕێوەبەرى بەبازاڕکردنى کۆمپانیاکە ڕونکردنەوەى پێویستى لەبارەى خزمەتگوزارییەکانى پێشتر و خزمەتگوزارییەکانى ئێستا و، ئەو گۆڕانکاریانەى بەسەر جۆرى خزمەتگوزارییەکان هاتووە پێشکەشى فێرخوازان کرد، وتیشى لە بازاڕى عێراقدا ئێستا کێبڕکێییەکى زۆرى بوارەکە هەیە و، ئێمەش لە هەوڵى بەردەوامدانین بۆ پێشکەشکردنى باشترین خزمەتگوزارى.
لە بەشێکى دیکەى سەردانەکەیاندا، فێرخوازان لەگەڵ بەڕێوەبەرى سەرچاوە مرۆییەکانى کۆمپانیاکە کۆبونەوە، لە کۆبونەوەکەدا ئارام مەحمود خضیر بەڕێوەبەرى سەرچاوە مرۆییەکان باسى لە گرنگى (CV) پێشکەشکاران کرد و، ڕاگەیاند: ئێمە لە هەڵسەنگاندنى (CV) زۆرتر ڕەچاوى توانا و لێهاتوویی کەسى پێشکەشکار و بڕوانامە و خولەکانى ڕاهێنان و ساڵانى خزمەتى لە بوارەکە دەکەین، هەروەک لە کاتى چاوپێکەوتنیشدا گرنگى زۆر بەلایەنى گفتوگۆکردن و چۆنیەتى هەڵسوکەوتکردن و ڕێکپۆشى دەدەین.
کۆمپانیاى کۆڕەک تیلیکۆم بەیەکێک لە کۆمپانیا یەکەمینەکانى بوارى پەیوەندیکردن لە عێراق دادەنرێ، کە لە ساڵى (٢٠٠٠)ەوە دەستى بەکارکردن کردوە و، خزمەتگوزارییەکانى پێشکەش دەکات و تا ئێستاش بەردەوامە لەسەر کارەکانى.