بەشی کارگێڕی کار سەردانێکی مەیدانی بۆ کۆمپانیای بوارى گەیاندن ڕێکدەخات
لە چوارچێوەی چالاکییە مەیدانیەکانى سەرۆکایەتى بەشی کارگێڕی کار لە زانکۆى جیهان-هەولێر، ڕۆژى پێنچ شەممە ڕێکەوتى (٢٥/١/٢٠٢٤) بەسەرپەرشتى مامۆستاى یاریدەدەر بوشرى عەلى فێرخوازانى قۆناغی چوارەم لە بەشی کارگێڕی کار بەشێوەیەکى مەیدانى سەردانى کۆمپانیای گەیاندنی تەڵەباتیان لە شارى هەولێر کرد.
فێرخوازان سەرەتا لەلایەن ئاڤا سەڵاح بەڕێوەبەری کارگێڕی کۆمپانیاکە لە عێراق، بەخێرهاتنیان کرا، پاشان کورتەیەکى لەبارەى کۆمپانیاکەیان و پێکهاتە و بەشە جیاکانی و کاری هەر بەشێک و بەرپرسیارێتی هەر بەشێک بۆ فێرخوازان باسکرد، پاشان عەبدولسەمەد تەلال، بەڕێوەبەری لۆجستی کۆمپانیای تەڵەبات لە عێراق، باسى میکانیزمەکانی کارکردنی جوڵە لۆجستیەکان و پەیوەندییان بە بازاڕکردن و ئەرکی فرۆشتن و باشترکردنی بەردەوامی ئەدای کۆمپانیاکەى بۆ فێرخوازان کردن هەروەک باس لەو تایبەتمەندییەکان و کارامەییەکانى کارمەندانى کۆمپانیاکەیانى بۆ فێرخوازان کرد بەتایبەت لە چۆنیەتى بەکارهێنانى تەکنیکی ئەپلیکەیشن بۆ چۆنیەتی هەڵبژاردن و دابەشکردنی ناوچەکانی شارەکان بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی لە ڕێگەی ئەپلیکەیشنەکەوە بە مەبەستی بەدەستهێنانی باشترین و خێراترین خزمەتگوزاری کە کڕیارەکان ڕازی بکات.
لە کۆتایشدا و لە میانەى گفتوگۆکردن لەگەڵ فێرخوازان و بەسەرکردنەوەى بەشە جیاکانى کۆمپانیاکەدا، فێرخوازان ئاشنای شێوازەکانى کارکردن و چۆنیەتى مامەڵەکردن لەگەڵ کڕیارەکان بوون، بەتایبەت لە ڕێگەى ئەو ئەپڵیکەیشتنەى کە کۆمپانیاکە کارى لەسەر دەکات و، لە زوترین کاتدا خواردن لە چێشتخانەکان دەگەێننە کڕیارانە، هاوکات باسیان لە کۆمەڵێک ئەزمونى سەرکەوتویی کارمەندەکانیان کرد، کە سەرەتا لە کارى دیلیڤەرییەوە دەستیان پێکردوە تا گەیشتونەتە پلەى کارگێڕ و بەڕێوەبردن لە ناو کۆمپانیاکەدا.