زانایانى زانکۆى جیهان-هەولێر یەکەمى زانایانى عێراقن
دوو مامۆستاى زانکۆى جیهان-هەولێر پلەی (یەکەم) و (چوارەم) یان بەدەست ھێنا لە نوێترین ڕیزبەندى جیهانی وێبسایتى (AD Scientific Index) کە بۆ باشترین زاناکان لەسەر ئاستى زانکۆکانى جیهان ڕیزبەندی کراوە .
زانایانى زانکۆى جیهان-هەولێر یەکەمى زانایانى عێراقن
وێبسایتەکە ڕیزبەندى بۆ (2633) زانا لە (101) زانکۆ لەسەر ئاستى عێراقدا کردوە، لەو چوارچێوەیەدا زانایانى زانکۆى جیهان-هەولێر بەم شێوەیە لە پیشەنگى زانایانى عێراق هاتوون.
- پڕۆفیسۆر دکتۆر سەید محمد سەجادی پسپۆڕى کیمیا و مامۆستا لە بەشى نيوتريشن و دايەتێتکس وەک باشترین زانای عێراق لە پلەى یەکەم لەسەر ئاستى هەموو پسپۆڕییەکان دیاریکراوە.
- پڕۆفیسۆر دکتۆر مەحمود ئەمین عەبدوڵڵا پسپۆڕى بایۆلۆجى و، مامۆستا لە بەشى مایکرۆبایۆلۆجى پزیشکى لە پلەى چوارەمى هەمان ڕیزبەندیدا دیاریکراوە.
وێبسایتى (AD Scientific Index) چیە؟
وێبسایتى (AD Scientific Index) لە مانگى ئابى (2022) ڕاپۆرتێکى گرنگى بڵاوکردۆتەوە، تیایدا ڕیزبەندى بۆ زانایان لەسەر ئاستى جیهان کردوە.
لەو ڕاپۆرتەدا ناو و ناونیشانى (1,037,840) زاناى لە (15,941) زانکۆ لە وڵاتانى جیهان وەک زانایانی ڕێنیشاندەر و پارامێتری (h-index) وەک کاریگەرترین پێوەرێکی زانستی بۆ نیشاندانی ڕۆڵی زانکۆ لە بەرهەمهێنانی زانست لە ڕێگەی توێژینەوەی کاریگەر و بەنرخ بڵاوکردۆتەوە.
لە ڕاپۆرتەکەدا، زانایانى بوارەکانى دابەشى سەر (11) بوارى زانستى سەرەکى و، (256) پسپۆڕى لاوەکى کردوە، کە لە ژیانى ئەکادیمى و زانستییان تا ساڵى (2022) توێژینەوەى کاریگەریان بڵاوکردۆتەوە. بۆ خوێندنەوەى دەقى ڕاپۆرتەکە کلیک (لێـــــرە) و (لێـــــرە) بکە.
زانکۆى جیهان-هەولێر پیشەنگى زانکۆکانى هەرێمى کوردستان و عێراقە
لەلایەکى دیکەوە لەسەر ئاستى زانکۆکانیشدا، زانکۆى جیهان-هەولێر لە ڕاپۆرتەکەدا بەم شێوەیە توانیویەتى ببێتە پێشەنگى زانکۆکان:-
- لە سەر ئاستى زانکۆ حکومى و تایبەتەکانى هەرێمى کوردستان، زانکۆى جیهان-هەولێر پلەى یەکەمى ڕیزبەندییەکەى بەدەستهێناوە.
- لەسەر ئاستى (101) زانکۆ حکومى و تایبەتەکانى عێراقدا، دواى زانکۆى بەغداد، زانکۆى جیهان-هەولێر پلەى دووەمى زانکۆکانى لە ڕیزبەندیەکەدا هێناوە.
- لە نێوان (7004) زانکۆى ئاسا، زانکۆى جیهان-هەولێر لە ڕیزبەندى (1023) هاتووە.
سەرۆکى زانکۆ پیرۆزبایی لە زانایان و فێرخوازان دەکات
بەو بۆنەیەوە، پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر دواى ئەوەى پیرۆزبایی لە هەریەک (پڕۆفیسۆر دکتۆر سەید محمد سەجادی و پڕۆفیسۆر دکتۆر مەحمود ئەمین عەبدوڵڵا) و، فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر کرد و، ڕایگەیاند: مایەى خۆشحاڵیمانە زانکۆى جیهان-هەولێر بۆ جارێکى دیکە لە ڕیزبەندییەکى دیکەدا بووە پێشەنگى هەموو زانکۆکانى عێراق و هەرێمى کوردستان، هەروەک جێگەى شانازیمانە کە زانکۆکەمان خاوەن زاناى ئاستبەرز و بەتواناى لەو شێوەیەیە، کە هەموو ژیانى خۆیان بۆ بڵاوکردنەوەى توێژینەوەى ئاستبەرز و کاریگەر تەرخان کردوە، هاوکات لە کارى بەردەوامدان بۆ پێگەیاندنى نەوەیەکى هۆشیار و پڕ چەک بەزانست و زانیارى سەردەم لە زانکۆکەمان.
زانکۆى جیهان-هەولێر لە پاڵ ئەوەى خاوەن ستافى زانستى بەئەزمون و داهێنەرە، لەهەمانکاتدا خاوەن کەمپیسى تایبەت بەخۆیەتى، کە چەندین تاقیگەى زانستى سەردەمیانەى بۆ فێرخوازان دابینکردوە، پاڵپشتى بەردەوامى مامۆستایان و فێرخوازانە بۆ پەرەپێدان بەتوانا زانستیەکانى، هەر ئەم هەنگاوانەش بۆتە هۆى ئەوەى زانکۆى جیهان-هەولێر بەردەوام لە پێشەنگى زانکۆکانى کوردستان و عێراق بێ.