دکتۆر نەوزاد یەحیى باجگر دەبێتە سەرۆکى لێژنەی ئامادەکاری کۆنفرانسی تایبەت بە پاڵپشتیکردنى گەنجان
بۆ پاڵپشتیکردنى گەنجان و لاوانى کوردستان، یەکێتیى وەبەرهێنەرانى کوردستان کۆنفرانسێکى تایبەت دەبەستێت و، دکتۆر نەوزاد یەحیى باجگر سەرۆکى دەستەى ئەمینداریەتى زانکۆکانى جیهان دەبێتە سەرۆکى لێژنەی باڵاى ئامادەکاری کۆنفرانسەکە.
لە کۆبونەوەى دەستەى کارگێڕی باڵاى یەکێتیى وەبەرهێنەرانى کوردستان، کە ڕۆژى دووشەممە ڕێکەوتى (٢٢/١١/٢٠٢١) بەڕێوەچوو، دەرئەنجامى سەردانیکردنی شاندى یەکێتیى وەبەرهێنەران بۆ لاى رێباز حەملان ياريدەرى سەرۆكى حكومەت و راوێژكارى وەبەرهێنان تاوتوێکرا.
لەبەر ڕۆشنایی ئەو کۆبونەوانەدا، دەستەى کارگێڕى یەکێتیی وەبەرهێنەران چەند بڕیارێکی گرنگیدا، لەو چوارچێوەیەدا کۆبونەوەکە بڕیاریدا کۆنفرانسێکى تایبەت بەپاڵپشتیکردنى گەنجان ئەنجام بدات، بۆ تاوتوێکردن و دیاریکردنى نەخشەڕێى چارەسەرکردنى کێشەى گەنجان و، پاڵپشتیکردنیان بۆ جێبەجێکردنى کار و بەرنامە و پڕۆژەکانیان، کۆبونەوەکە دکتۆر نەوزاد یەحیا باجگر ئەندامى دەستەى کارگێڕى یەکێتیى وەبەرهێنەرانى کوردستانى وەک سەرۆکى لێژنەی باڵاى ئامادەکاری کۆنفرانسەکەى پەسند کرد.
هەر لە کۆبونەوەکەدا، دەستەى کارگێڕى یەکێتیى وەبەرهێنان بڕیاریدا چەند پێشنيازێک ئاراستەى (رێباز حەملان) یاریدەدەرى سەرۆکى حکومەت بۆ کاروبارى وەبەرهێنان بکات، بۆ زیاتر پاڵپشتی وەبەرهێنان و وەبەرهێنەران، هاوکات بڕیارى دانانی نوێنەرێکى یەکێتیەکە لە بۆردی ئابوری پارێزگای هەولێرى پەسند کرد.
لە کۆتایشدا کۆبونەوەکە گفتوگۆى لەبارەى كۆنفرانسى وەبەرهێنان کرد، كە وا بڕیارە لە ئایندەیەکى نزيكدا بۆ هێزبوونى كەرتى تايبەت ببەسترێت، هەروەک زیاتر گرنگیدان بە ئەکتیف کردنی (یەکێتی وەبەرهێنەران کوردستان) لە ڕووی کارگێڕی و دارایی تەوەڕێکى دیکەى کۆبونەوەکە بوو.