دۆکیۆمێنتاریستێک لە بەشی ڕاگەیاندن باس لە هونەرەكانی بەرهەمهێنانی دیکۆمێنتاری بۆ فێرخوازان دەکات
ڕۆژی سێشەممە، ڕێکەوتی ٢٧-١-٢٠٢٦، بەشی ڕاگەیاندن لە زانکۆی جیهان-هەولێر، بە سەرپەرشتی مامۆستا (دکتۆر عەممار نەجمەددین)، سیمینارێکی زانستیی دەربارەی “هونەرەکانی بەرهەمهێنانی دۆکیۆمێنتاری” لە هۆڵی ئەکادیمیای جیهان بۆ ڕاهێنان و پەرەپێدان ڕێکخست.
ناوەڕۆکی سیمینارەکە لەلایەن (موحەممەد تەمیمی)، میدیاکار و دۆکیۆمێنتاریست، پێشکەش کرا. لە میانەی سیمینارەکەدا، موحەممەد تەمیمی تیشکی خستە سەر جیهانی فیلمی دۆکیۆمێنتاری و چۆنییەتی دۆزینەوەی بیرۆکەی داهێنەرانە لەناو ڕووداوە ئاساییەکانی ڕۆژانەدا، تاوەکو بکرێنە چیرۆکێکی کاریگەر بۆ سەر شاشە.
موحەممەد تەمیمی بە وردی باسی لە قۆناغەکانی بەرهەمهێنان کرد، لەوانە: ئامادەکاری و لێکۆڵینەوە، تەکنیکەکانی وێنەگرتنی مەیدانی، و هونەری مۆنتاژ، کە بە بنەمای سەرەکیی بۆ سەرکەوتنی هەر کارێکی میدیایی دادەنرێن. هەروەها جەختی لەسەر “هونەری گێڕانەوە” (Storytelling) کردەوە و ڕوونی کردەوە کە چۆن دەکرێت ڕاستییەکان بە شێوازێکی هونەری و سەرنجڕاکێش پێشکەشی بینەر بکرێن، بەبێ ئەوەی زیان بە بنەماکانی ڕاستگۆیی بگات.
لە بەشێکی دیکەی سیمینارەکەدا، موحەممەد تەمیمی ئاماژەی بەوە کرد کە فیلمی دۆکیۆمێنتاری تەنها گێڕانەوەی ڕووداو نییە، بەڵکو ئامرازێکی بەهێزی گۆڕانکاری و بەدۆکیۆمێنتکردنی مێژووە. ڕوونی کردەوە کە بۆ فێرخوازانی ڕاگەیاندن، شارەزایی لەم بوارەدا دەرفەتێکی گەورەیە تا لە بازاڕی کاردا وەک میدیاکارێکی پیشەیی و خاوەن داهێنان دەربکەون. سیمینارەکە بە گفتوگۆیەکی کراوە و زانستی کۆتایی هات، کە تێیدا فێرخوازان پرسیار و سەرنجەکانی خۆیان ئاڕاستەی پێشكەشكاری سیمینارەكە کرد، بەتایبەت دەربارەی ئاستەنگە تەکنیکی و مەیدانییەکانی بەردەم ڕۆژنامەنووسیی دۆکیۆمێنتاری.
لە كۆتایی چالاكییەكەدا، سوپاس و پێزانینی سەرۆكایەتیی بەشی ڕاگەیاندن پێشكەش بە موحەممەد تەمیمی كرا لە بەرامبەر پێشكەشكردنی ناوەڕۆكی سیمینارەكە، لای خۆشییەوە ناوبراو خۆشحاڵی خۆی بە ئامادەبوونی فێرخوازان و ئەو دەستپێشخەرییەی بەشی ڕاگەیاندن لە زانكۆی جیهان-هەولێر دەربڕی.







