دەرچویەکى زانکۆى جیهان-هەولێر باس لە ئەزمونى سەرکەوتویی خوێندنى لە زانکۆ دەکات
بۆ خستنەڕوى ئەزمونى خوێندن و، چۆنیەتى کارکردنى لە دامەزراوەکانى ڕاگەیاندن، دەرچویەکى بەشى ڕاگەیاندن لە زانکۆى جیهان-هەولێر سمینارێکى بۆ فێرخوازانى بەشەکە ڕێکخست.
ڕۆژى چوارشەممە ڕێکەوتى (١٦/٢/٢٠٢٢) ئیفا حسین عومەر، لە هۆڵى ئەکادیمیاى جیهان، باسى لە ئەزمونى خوێندنى لە بەشى ڕاگەیاندن لە زانکۆى جیهان-هەولێر کرد، کە ساڵى (٢٠١٧) توانى بەسەرکەوتویی ئەو بەشە تەواو بکات و، پاشان لە کەناڵى کوردستان٢٤ دابمەزرێ.
ئەو دەرچووەى بەشى ڕاگەیاندن وتى: لە ماوەى ڕابردودا لە K24 لە شارى هەولێر لە زۆربەى بوارەکانى ڕۆژنامەوانى کارم کردوە بەتایبەت لە بوارى مۆنتاژ، نووسینى هەواڵ، ئامادەکردنى ڕاپۆرت و بەدواداچونى ڕۆژنامەوانى و وێنەکرى، وتیشى لە پاڵ ئەو کارانەدا چەندین جار وەک پەیامنێر توانیومە ڕوماڵى چەندین کۆنگرە و کۆنفرانس و فیستیڤاڵ لە ناو شارى هەولێر و دەرەوە بکەم، هاوکات کارى وەرگێڕانى ڕاستەوخۆ لە زمانى ئینگلیزى بۆ زمانى عەرەبى و هەروەها بۆ زمانى کوردى بەشێکى دیکەى کارەکانى بووە.
خاتوو ئیفا ڕوو لە فێرخوازانى بەشى ڕاگەیاندن وتى: بۆ ئەوەى لە کارى ڕاگەیاندن سەرکەوتووبن و لە داهاتودا بتوانن کار بکەن، دەبێ لە قۆناغى ئێستادا کە خوێندن و فێربونە خولیاو ئارەزوى زۆرتان هەبێ و پەرە بەو زانست و زانیاریانە بدەن، کە ڕۆژانە مامۆستا پێشکەشتانى دەکات، بۆ ئەوەش بەستنەوەى وانە تیورییەکان بەلایەنى مەیدانى بەگرنگ زانى، وتیشى مایەى خۆشحاڵیە کە بەشى ڕاگەیاندن لە زانکۆى جیهان-هەولێر بایەخ و گرنگى زۆر بەلایەنى مەیدانى دەدەن و هاوکارى فێرخوازان دەکەن.
ئەو دەرچوەى بەشى ڕاگەیاندن لە زانکۆى جیهان-هەولێر جەختى لەسەر ئەوەش کردەوە، کە فێرخوازانى بەشى ڕاگەیاندن لەگەڵ ئاشنابون بەلایەنى تیورى و مەیدانى کار و بوارەکانى ڕاگەیاندن، گرنگە فێرخوازان بایەخ بەزانیارى گشتى و پەرەپێدانى لایەنى مەعریفى خۆیان بدەن، ئەو جگە لە فێربون و زانینى زیاتر لە زمانێک، کە دەرفەتى کار زیاتر بۆ فێرخوازان دەڕەخسێنێ بەتایبەت لە ئێستادا.
سمینارەکە، بەگفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوەى سەرەنج و بۆچونى فێرخوازان و میدیاکار ئیفا حسین کۆتایى پێهات، خاتوو ئیفا حسین عومەر ساڵى (٢٠١٧) توانى بەپلەى یەکەم بەشى ڕاگەیاندن لە زانکۆى جیهان-هەولێر بەسەرکەوتویی تەواو بکات و، لە ئێستاشدا فێرخوازى خوێندنى باڵا ماستەرە لە یەکێک لە کۆلێژەکانى ڕاگەیاندن لە وڵاتى فەرەنسا.