فێرخوازانى بەشی یاسا باس لە (دەوڵەتی كوردی – دەرفەت و ئاستەنگەكان) دەكەن
ڕۆژى چوارشەممە ڕێکەوتى (١٦/٢/٢٠٢٢)، فێرخوازانى بەشی یاسا لە كۆلێژی یاسا و پەیوەندیە نێودوڵەتیەكان لە زانكۆی جیهان- هولێر باسیان لە (دەوڵەتی كوردی- دەرفەت و ئاستەنگەكان) کرد.
لەو چالاکیەدا، کە بە ئامادەبوونی بەشێك لە مامۆستایان و قوتابیانی بەشی یاسا بەڕێوەچوو هەریەك لە فێرخوازان (دیار سیف الدین، بیاڤ عپمان قادر و، أحمد فتاح حسن) لە چوارچێوەى ناونیشانى سیمنارەکەدا بابەتیان پێشكەش كرا.
لەسەرەتادا، تیشك خرایە سەر گۆڕانكاریە سیاسیەكان لە ناوچەكە دوای جەنگی جیهانی یەكەم، كە بووە هۆی دابشكردنی كوردستان بەسەر هەر چوار دەوڵەتی (ئێڕاق ، ئێران، توركیا و سوریا) ئەوەش بە پێی ڕێككەوتننامەی (سایكس-بیكۆ) لە ساڵی (1916)، هەروەک باسیان لە لێکەوتەکانى ئەو دابەشکاریە و کاریگەرى لەسەر کوردستان کرد.
لە بەشێکى دیکەى سمینارەکەیاندا، پێشكەشكاران باسیان لە پایەكانی دەوڵەت و ڕێوشوێنەكانی چۆنیەتی دروستكردن و بونیادنانی دەوڵەت کرد بەتایبەت لە ڕووى یاساییەوە. بۆ ئەوەش ڕونکردنەوەى تەواویان لەبارەى سیستمی یاسایی نێودەوڵەتی و مەرجەكانی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ دامەزراندن و ڕاگەیاندنى دەوڵەت پێشکەش کرد.
لە بەشی كۆتایی سیمینارەكەدا ئاماژەیان بە چۆنیەتی بونیادنان و دروستكردنی دەوڵەتی كوردی و دەرفەتە مێژووییەكان کرد بۆ دروستكردنی دەوڵەت، هەروەک باسیان لەو ئاستەنگانە کرد، کە لە ڕابردوو و ئێستاو داهاتوودا لە ڕووی سیاسی و ئابووری ڕوبەڕووى کوردستان بۆتەوە، بەتایبەت لەسەر ئاستی ناوخۆیی و هەرێمی و نێودەوڵەتی.
وە لە كۆتایشدا، فێرخوازان بەسەرەنج و بۆچون و پرسیارەکانیان بەشداریان لە سیمینارەكەدا كرد و بابەتەکەیان دەوڵەمەنتر کرد.