فێرخوازانى بەشى نيوتريشن و دايەتێتکس بەشدارى لە پێشبڕکیەکى زانستى دەکەن
لە بەردەوامى چالاکیە جیاکانى بەشى نيوتريشن و دايەتێتکس لە زانکۆى جیهان-هەولێر بۆ پیشاندانى لێهاتوى فێرخوازان لە قۆناخە جیاکان، پشبڕکیەکى زانستى لە نێوان فێرخوازەکانى بەڕێوەبرد.
لەو پێشبڕکیەدا، کە ڕۆژى پێنچ شەممە ڕێکەوتى (١٧/٢/٢٠٢٢) بەسەرپەرشتى دکتۆر ( ساڵح زێبارى) سەرۆکى بەشى نيوتريشن و دايەتێتکس و ژمارەیەک لە مامۆستایان و فێرخوازانى قۆناخە جیاکانى بەشەکە ئامادەیبون و لەهۆڵی (VIP) زانکۆى جيهان-هەولێر بەڕێوەچوو، چەند چالاکیەک ئەنجامدرا.
لەسەرەتاى چالاکیەکەدا، دکتۆر ( ساڵح زێبارى) سەرۆکى بەشى نيوتريشن و دايەتێتکس لە وتەیەکدا بەگرنگیەوە باسى لەو جۆرە چالاکیانە کرد بۆ بەرزکردنەوەى تواناى زانستى فێرخوازان و، ڕایگەیاند: زانکۆى جیهان-هەولێر میکانزم و میتۆدى جۆراوجۆرى سەردەمیانە پەیڕەو دەکات بۆ پێگەیاندنى فێرخوازان بۆ داهاتوى کۆمەڵگە، ڕێکخستنى ئەم چالاکیەش یەکێکە لەو میکانزمانەى کە بەهۆیەوە هەوڵ دەدەین تواناى فێرخوازانمان لە بەشى نيوتريشن و دايەتێتکس بەرزتر بکەینەوە.
لەبەشێکى دیکەى چالاکیەکەدا، بیست پرسیار لە بوارە جیاکانى زانست، نيوتريشن و دايەتێتکس، هونەر، جوگرافیا و، گشتى ئاراستەى گروپێک لە فێرخوازانى قۆناخى یەکەم و، گروپێک لە فێرخوازانى قۆناخى دوەم کرا، هاوکات لە بەشێکى دیکەى چالاکیەکەدا فێرخوازانى قۆناخى سێیەم و چوارەم لە ڕێگەى دوو گروپى جیا بەشداریان لە پێشبڕکیەکەدا کرد.
هەڵبژرادن و دستنیشانکردنى فێرخوازان لەسەر ئاستى گروپەکان بەشێوەیەکى هەرەمەکى بوو، لەهەمانکاتدا فێرخوازانى ئامادەبووش بۆیان هەبوو بەشدارى لە چالاکیەکەدا بکەن، بەو هۆیەوە کێبڕکیەکى زانستى بەهێز لە نێوان فێرخوازان بەڕێوەچوو، چالاکیەکەش جگە لەەوەى لە ڕووى زانستیەوە کۆمەڵێک زانیارى نوێى لە بوارە جیاکان بەخشى بەفێرخوازان، ناسینى توانا و لێهاتوى فێرخوازانیش بەرئەنجامى بەشێکى دیکەى پێشبڕکیەکە بوو.