
فێرخوازانى بەشەکانى (یاسا) و (پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و دیپلۆماسی) سەردانێکی زانستی بۆ دەزگای (ڕوانگە) دەکەن
- Posted by University Press
- Date تشرینی دووەم 15, 2026
ڕۆژی پێنجشەممە، ڕێککەوتى ١٢ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦، فێرخوازانى قۆناغى سێیەم لە هەریەک لە بەشەکانی (یاسا) و (پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و دیپلۆماسی) لە زانکۆی جیهان – هەولێر سەردانێکی زانستی و مەیدانی هاوبەشیان بەسەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر سامان حەسەن عەلیبۆ بارەگای سەرەکیی دەزگای “ڕوانگە” (RWANGA) لە شاری هەولێر، ڕێکخست.
سەرەتا فێرخوازان لە لایەن عیسا بشارەتی، بەرپرسی بەشی پەروەردە و ڕاهێنان لە دەزگاکە پێشوازی لە شاندى فێرخوازان کرد، دواى بەخێرهێنانى فێرخوازان، ئینجا کورتەیەکى لەبارەى مێژووی دامەزراندنی دەزگاکە و پێگە یاساییەکەی بۆ فێرخوازان کرد، هەروەها ئاماژەى بە پێکهاتەى کارگێڕى و بەش و لقەکانی دەزگاکەی لە پارێزگاكانی هەرێم کرد.
لە بەشێکى دیکەى قسەکانیدا، بەرپرسی بەشی پەروەردە و ڕاهێنان لە دەزگاى ڕوانگە ئاماژەی بە گرنگترین ئەو ئامانجانە کرد ،کە دەزگاکە هەوڵی بەدیهێنانیان دەدات، لەگەڵ چالاکی و پرۆژە ستراتیژییەکانی کە لە چەندین بواری گرنگدا جێبەجێیان دەکات، بۆ ئەوەش ئاماژەى بە چالاکیەکانیان لە بواری ژینگە و پشتیوانیکردنی پرۆژەکانی دارچاندن و هۆشیاری پەرەپێدانی بەردەوام کرد.
هاوکات جەختى لەسەر ئەوەش کردەوە، کە دەزگاکەیان لە بوارەکانی پەروەردە و ڕاهێنان لە ڕێگەی پێشکەشکردنی خولی نەهێشتنی نەخوێندەواری و بەرنامەکانی ڕاهێنان بۆ پەرەپێدانی بەهرەکان و ڕاهێنانی پیشەیی چەندین چالاکى جۆراوجۆرى ئەنجامداوە، ئەوە جگە لە دەستپێشخەرییەکانی هۆشیاری تەندروستی لە کۆمەڵگەدا.
لە کۆتایی سەردانەکەدا، عیسا بشارەتی، بەرپرسی بەشی پەروەردە و ڕاهێنان هاوەڵى فێرخوازانى کرد بۆ بەسەرکردنەوەى بەشێک لە بەشەکانى دەزگا و، پیشاندانى کاروچالاکیەکانیان لە بوارە جیاوازەکان لە هەرێمى کوردستان.
دەزگاى ڕوانگە رێكخراوێكی سهربهخۆی قازانج نەویستە تێدەکۆشێت بۆ جیهانێك کە پەروەردە و فێرکردنی درووست بۆ هەمووان بەردەست بێت. ئەمەش لهرێگەی پلاندانانی ستراتیژی، پەرەپێدانی بواری رۆشنبیری و پهروەردەیی تاك و خێزان و رەخساندنی ژینگەیەکی تەندرووستی پێکەوەژیان. روانگە بە فەرمی چالاکییەکانی لە ئەیلولی ٢٠١٣ دەستپێکرد بۆ ئەنجامدانی پڕۆژە و چالاکییەکان لە سەرتاسەری عێراق لە ڕێگەی چوار کەرتی سەرەکی پەروەردە، لاوان، ژینگە و کەسانی لێقەوماو.
You may also like


