
فێرخوازانی بەشەکانی یاسا و، پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان سەردانی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە دەکەن
- Posted by University Press
- Date تشرینی دووەم 25, 2026
ڕۆژی سێشەممە ڕێککەوتى 24ی تشرینی دووەمی 2026، سەرۆکایەتى بەشەکانی یاسا و، پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و دیپلۆماسی لە زانکۆی جیهان-هەولێر، گەشتێکی زانستیی مەیدانی هاوبەشیان بۆ فێرخوازانی قۆناغی سێیەمی بەشی یاسا و، قۆناغی چوارەمی بەشی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و دیپلۆماسی بۆ بارەگای دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە لە هەرێمی کوردستان ڕێک خست.
چوارچێوەی یاسایی:
ئەم چالاکییە بە سەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر سامان حەسەن عەلی بەڕێوە چوو. بۆ ئەوەش مەهدی هەمزە لە بەشی یاسا پێشوازى لە فێرخوازان کرد و، لە دیدارێکدا باسی لە چوارچێوەی یاسایی و، ئەو یاسا کارپێکراوانە کرد کە کاروبار و، پاراستنی ژینگە لە هەرێمی کوردستان ڕێک دەخەن.
پێکهاتەی کارگێڕی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە
لە وێستگەیەکى دیکەى سەردانەکەیاندا فێرخوازان دیدارێکیان لەگەڵ لوقمان شێروانی بەڕێوەبەری دڵنیایی جۆری لە دەستەکە ئەنجامدا، لە وتەیەکدا لوقمان شێروانی تیشکی خستە سەر لایەنە کارگێڕی و، ڕێکخراوەیییەکانی دەستەکە و، پێکهاتەی کارگێڕی و، بەشەکانی دەستەی ڕوون کردەوە، هاوکات لەگەڵ میکانیزمەکانی کارکردن و، ڕێنمایییە پەسەندکراوەکانى بۆ فێرخوازان باسکرد.
ڕێکارەکانی پێدانی مۆڵەتی ژینگەیی بە پڕۆژەکان
لە بەشێکى دیکەى سەردانەکەدا ئازاد نووری بەڕێوەبەری هونەری، ڕوونکردنەوەی وردی سەبارەت بە شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ پڕۆژە ئابووری و، وەبەرهێنانەکان پێشکەش بە فێرخوازان کرد، هاوکات ئەو ڕێکارانەی خستە ڕوو کە بۆ پێدانی مۆڵەتی ژینگەیی بە پڕۆژەکان دەگیرێنە بەر دوای دڵنیابوون لە گونجاندنیان لەگەڵ مەرجەکان، سەرەڕای ڕۆڵی چاودێریی دەستەکە لە بەدواداچوونی کارەکانی ئەو پڕۆژانە و، ڕادەی پابەندبوونیان بە پێوەرە ژینگەیییەکان.
گفتوگۆى بەرهەمدار
لە کۆتایی دیدارەکاندا، فێرخوازان لەگەڵ بەڕێوەبەر و بەرپرسى بەشەکان گفتوگۆیان کرد و تێبینی و، پرسیارەکانیان خستەڕوو، ئەوانیش وەڵامى سەرەنج و پرسیارەکانیان دایەوە.
You may also like


